نۆ کۆچبەر لە کەناراوەکانی تورکیا خنکان
هێزەکانی فریاکەوتن لە کەناراوەکانی تورکیا ئۆپەراسیۆنیکی گەڕان و رزگارکردنیان دەسپێکردووە، دوای ئەوەی بەلایەنی کەمەوە نۆ کۆچبەر لە کەناراوی ئەو وڵاتە خنکان.
پاسەوانانی کەنار دەریای تورکیا رۆژی پێنجشەممە رایان گەیاند " هەتاوەکو ئێستا 21 کەس رزگارکراون و 11 کەسیش بێسەروشوێنن". زانیاری لەبارەی ناسنامە و ئەو وڵاتەوە نییە کە لێوەی هاتوون.
رێکخراوی جیهانیی کۆچبەران، ئەم هەفتەیە راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا هاتووە " لەماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە یەک ملیۆن کۆچبەر روویان لە ئەوروپا کردووە".
راپۆرتەکە دەریدەخات، زۆربەی ئەو کۆچبەرانە (971.289)یان لە رێگەی ئاوی دەریای ناوەڕاستەوە گەیشتوونەتە ئەوروپا و، 34.215 کەسیان لە رێگای تورکیاوە چوونەتە بولگاریا پاشان بە رێگای خاک گەیشتوونەتە یۆنان.
لەنێوان ئەوانەی بە رێگای ئاوی کۆچیان کردووە، 3 هەزار و 695 کەسیان نقومبوون یان ونبوون، چونکە ئەو بەلەمانەی کۆچی پێدەکەن خراپن، کە ئەمەش دەکاتە رۆژانە 10 کۆچبەر.
رووداو
