سووریا ئامادەیی دەربڕی بۆ بەشداریی لە دانوستاندنەکانی جنێڤ
وەلید موعەلیم، وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند:" ئامادەین بۆ بەشداریی لە دانوستاندنەکانی جنێڤ و ئومێدمان ئەوەیە دانوستاندنەکان ئەنجامی هەبێت".
موعەلیم ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، دوای ئەوەی لیستی بەشداربووانی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانیان پێدەگات، ئەوان بەبێ گوشاری هیچ لایەک خۆیان بەشداری کۆبوونەوەکە دەبن.
ئەو لێدوانەی وەزیری دەرەوەی سووریا، لە کاتێکدایە کە وەلید موعەلیم بەسەردانێک لە وڵاتی چینە و لەگەڵ وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین کۆبووەتەوە.
وەزیری دەرەوەی چین لەبارەی کۆبوونەوەکەیان، رایگەیاندووە " لەگەڵ موعەلیم هاوڕابوونە لەسەر کۆتاییهێنان بە کێشەی سووریا بە دیالۆگ و مانەوەی بڕیاری چارەنووسی ئەسەدیش بۆ گەلی سووریا بێت و نەتەوەیەکگرتووەکانیش رۆڵی نێوانگیری لە نێوان لایەنە ناکۆکەکان ببینێت".
وەزیری دەرەوە چین ئاشکراشیکرد " 6.2 ملیۆن دۆلار وەک کۆمەکی مرۆیی دەدەنە سووریا".
بڕیاروایە لە مانگی کانوونی دووەمی 2016 کۆبوونەوەی لایەنە جیا جیاکانی سووریا لە جنێڤ بەڕێوەبچێت بۆ کۆتاییهێنان بەو کێشەیەی ماوەی 5 ساڵە لە سووریا دروستبووە و تاوەکو ئێستا بەسەدان هەزار سووریی تێدا کوژراون و ملیۆنانی دیکەش بە هۆیەوە ئاوارەبوونە.
رووداو-
