رەفسەنجانی: سێ‌ بۆمب لە ئێران پووچەڵ كرانەوە

 رەفسەنجانی: سێ‌ بۆمب لە ئێران پووچەڵ كرانەوە
بە گوتەی "عەلی ئەكبەر هاشمی رەفسەنجانی" سەرۆكی كۆڕی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران لە رۆژانی رابردوودا چەند پلانێكی تەقینەوە لە چەند شاری ئێران پووچەڵ كراونەتەوە.



هاشمی رەفسەنجانی بە ئاژانسەكانی ئێرانی راگەیاندووە "كە چەند رۆژ پێش سێ‌ كەس لە سنوورەكانی رۆژهەڵاتی ئێرانەوە دزەیان كردووەتە ناو وڵاتەوە و بەتەما بوون مەزارگەی ئیمام رەزا لە مەشهەد و ناوەندێكی ئایینی لە قۆم و شوێنی نوێژی هەینی بتەقێننەوە و پێیان گوتوون: "دەبێ‌ بچن لە ئێران ئاخوند و پاسدارەكان بكوژن."


رەفسەنجانی ئاماژەی بەوەش داوە كە داعش دزەی كردووتە ناو لە هەندێ‌ فڕۆكەخانەی وڵاتان و لەو رێگەیەوە دەیهەوێ‌ ئاژاوە و نائەمنی ساز بكات و لە چەند رۆژی رابردوودا كۆمەڵێك كەلوپەل و تەقەیمەنیی لە مووسڵەوە بەرەو شوێنێكی نادیار بردووە.


بەپێی راپۆرتی ئاژانسی فارس ئەو كەسانە لە نوێژی هەینیدا لەگەڵ خەڵك بەروڕوو بوون و یەكیان گوتوویە كە من بۆ كوشتنی خەڵك نەهاتووم و ئەم كارە ناكەم و كەسی دووەمیش هیچ كارێكی نەكردووە و كەسی سێیەمیش ویستوویە هەڵێت كە گیراوە.


لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا لێپرسراوانی سیاسی و ئەمنیی ئێران لەبارەی پلان و ئامانجەكانی داعش لەناو خاكی ئێران هۆشدارییان داوە و چەندین راپۆرت لەبارەی دەستگیركردنی تیمی تیرۆریستی لەو وڵاتە بڵاو كراوەتەوە.


لەم بارەوە "محەمەدعەلی جەعفەری" فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران رایگەیاندووە: "داعش دەمێكە هەوڵی نائەمنی لە ئێران دەدات، بەڵام هەتا ئێستە سەركەوتوو نەبووە."



باسنیوز
Top