سعودیە پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی ئیسلاميی سەربازی راگەیاند

 سعودیە پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی ئیسلاميی سەربازی راگەیاند
محەممەد بن سەلمان، جێنشینی جێنشینی شای سعودیە رایگەیاند، هاوپەیمانێتییەکی ئیسلامیی سەربازی بۆ دژایەتیکردنی تیرۆر بە سەرۆکایەتیی سعودیە پێکدێت.

محەممەد بن سەلمان، کە وەزیری بەرگریی سعودیەشە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە ریاز راگەیێندراوێکی لەبارەی پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانێتییە بڵاوكردەوە، بنکەی هاوپەیمانێتییەكە لە ریاز دەبێت.

محەممەد بن سەلمان گوتی " هاوپەیمانێتییەکە هەموو ئەو دەوڵەتە ئیسلامییانە دەگرێتەوە کە جیهانی ئیسلامی پێکدەهێنن". ئەو راشیگەیاند "وەکو سووربوونێکمان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کە زیانێکی زۆری لە جیهانی ئیسلامی داوە، پێش ئەوەی زیان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگەیێنێت ئەم هاوپەیمانێتییە رادەگەیێنین".

محەممەد بن سەلمان هەروەها رایگەیاند "ژووریکی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانێتییەکە لە ریاز دەستبەکار دەبێت بۆ هەماهەنگیی نێوان ئەو دەوڵەتانە و هەموو دەوڵەتێک بەپێی توانای خۆی بەشدار دەبێت".

ئەو بەرپرسە باڵایەی سعودیە گوتیشی "ئێستا دەوڵەتانی ئیسلامی هەر یەكە و بەتەنیا شەڕی داعش دەکات، بۆیە گرنگە لە ژووری ئۆپەراسیۆنەكەدا هەماهەنگی هەبێت بۆ یەكخستنی توانای هەموو وڵاتان". 34 دەوڵەت لە هاوپەیمانێتییەکەدا بەشدارن.

محەممەد بن سەلمان ئاماژەی بە سووریا، عێراق، سینا و یەمەن کرد کە "بەدەستی تیرۆر دەناڵێن و پێویستیان بە هێز هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ئەو هاوپەیمانێتییەش هاوکارییان دەكات".

لەبارەی ئەوەی ئایا هیچ ئۆپەراسیۆنێک لە عێراق و سووریا ئەنجامدەدەن؟ ئەو گوتی"رووبەڕووی هەموو رێکخراوێکی تیرۆرستی دەبینەوە، بەڵام لەئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە سووریا و عێراق بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ ئەو وڵاتانە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەنجامی نادەین".

لەبارەی داعشەوە گوتی " هەر رێکخراوێکی تیرۆرستی بەرامبەرمان بووەستێت بەیەکەوە دژایەتی دەکەین". دیارترین ئەو وڵاتانەی هاوپەیمانیێتییەکە پێکدەهێنن: سعودیە، ئوردن، ئیمارات، بەحرێن، تورکیا، میسر، قەتەر و مەغریبن.

خاڵەکانی بەهێزیی هاوپەیمانێتییەکە:

بەهێزی ئەو هاوپەیمانێتییە لەوەدا دەبێت، کە سعودیە و ئیمارات وەکو دوو وڵاتی دەوڵەمەند پشتگیریی ماددی دەکەن. سوپای تورکیایان لەگەڵ دەبێت کە یەکێکە لە سوپا بەهێزەکانی جیهان، پاکستان لە هاوپەیمانێتییەکەدا بەشدارە و خاوەنی چەکی ئەتۆمییە، هەروەها سوپایەکی دامەزراوەییشیان لەگەڵە کە سوپای میسرە.












رووداو
Top