توركیا: سیاسەتەكانی ئێران مەترسین بۆ سەر ناوچەكە
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی رۆیتەرز، چاووش ئۆغڵوو رۆژی دووشەممە لە لێدوانێكدا وێڕای بە مەترسی وەسفكردنی سیاسەتەكانی ئێران، رایگەیاندووە وڵاتەكەی لەگەڵ ئێران تووشی ململانێ و"قەیرانێكی قووڵ" بووە.
وەزیری دەرەوەی توركیا كە لەگەڵ كەناڵی دووی ئەو وڵاتە قسەی دەكرد، ئەوەشی خستووەتەڕوو "ئێمە هەموو كات پاڵپشتیمان لە ئێران كردووە، بەڵام دەبێ بەرپرسانی ئێرانیش دەست لە تۆمەت و زێدەڕۆیی لە ناوچەكە هەڵبگرن."
هەرچەند چاووش ئوغڵوو بە روونی باسی كێشەیەكی تایبەتیی نەكردووە، بەڵام پێدەچی ئەم تووڕەییەی توركیا لە چوارچێوەی بابەتی هێنانە بەرباسی پرسی منداڵان و خێزانی سەركۆماری توركیا و دانوستانی نەوتی لەگەڵ داعش بێت كە سەرەتا لەلایەن رووسیاوە ورووژێنرا و راگەیەنەكانی ئێرانیش بە بەربڵاوی بڵاویان كردەوە.
"موحسن رەزایی" سەرۆكی كۆڕی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران لە رۆژانی رابردوودا گوتی: "بەڵگە و فیلمی پەیوەندیدار بە فرۆشتنی نەوتی داعش بە توركیایان لەبەردەست دایە."
موحسن رەزایی ئەوەشی خستووەتەڕوو كە "راوێژكارانی ئێرانی" (ئەندامانی سوپای پاسداران لە سووریا) لە هەموو ئەو رێگانەی كە تانكەرە نەوتییەكانی داعش نەوت بەرەو توركیا دەگوازنەوە فیلمیان هەڵگرتووە."
لەم پەیوەندییەدا "رەجەب تەیب ئەردۆغان" سەركۆماری توركیا رایگەیاندووە كەلە رۆژانی رابردوودا لەبارەی ئەو تۆمەت و بوختانانەی كەلە راگەیەنەكانی ئێران لەبارەی توركیا بڵاو بوونەتەوە بە پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ حەسەن رۆحانی قسەی كردووە و نیگەرانیی وڵاتەگەی پێگەیاندووە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش لەم بارەوە ئاشكرای كردووە داوامان لە توركیا كردووە "دەست لە سەربزێوی" هەڵبگرێت.
ئەردۆغان چەند مانگ لەمەوبەر ئێرانی بەوە تۆمەتبار كرد كە هەوڵی خۆسەپاندن و دەستبەسەرداگرتنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاسی هەیە و گوتی:"ئەم هەوڵانەی ئێران توركیا و هاوپەیمانەكانی وەزاڵە هێناوە و ئیتر قەبووڵ ناكرێت."
بەرپرسانی توركیا لەو باوەڕە دان ئێران و رووسیا لە سووریا بە كردەوە بۆ مانەوەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات چالاكیی سەربازی دەكەن، بەڵام توركیا پێی وایە بەشار ئەسەد لە سووریا داهاتوویەكی نییە و ئەم پرسەش ماوەی پێنج ساڵە بووەتە سەرەداوی كێشە و ململانێیە سیاسی و ئایدۆلۆژییەكانی ئێران و توركیا و وەك ركەبەر لە ناوچە لێكتر دەڕوانن.
ئێران و توركیا لە رۆژانی رابردوودا لەبارەی حزووری سەربازیی توركیا لە نزیك پارێزگای مووسڵ تووشی كێشە بوون و ئێران لەم بارەوە رەخنەی لە توركیا گرتووە و جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئەم هەوڵەی توركیای بە نابەجێ و پێچەوانەی ئاسایشی توركیا وەسف كردووە.
بەپێی راپۆرتی رۆیتەرز مەلوود چاووش ئۆعلوو وەزیری دەرەوەی توركیا ئاماژەی بەوە داوە كە "سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ خۆی چەندین جار خوازیاری پاڵپشتیی توركیا بووە لە شەڕی داعشدا."
لەم پەیوەندییەدا حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیری عێراق رۆژی شەممە خوازیاری چوونە دەروەی هەرچی خێرای هێزەكانی توركیا لە خاكی عێراق بووە و لەم بارەوە سوپای عێراق كەوتووەتەوە ئامادەباشییەوە.
ئەم هەڵوێستەی عێراق لە كاتێك دایە كە ماوەی چەند ساڵە ژومارەیەكی زۆری هێزی سوپای قودسی ئێران لەناو خاكی عێراقن و بەرپرسانی ئەم وڵاتەش هیچ پەرچەكردارێكیان نەبووە.
باسنیوز
