سەرۆكی پەرلەمانی روسیا، باس لە وەڵامی سەربازیی دەكات بەرانبەر بە توركیا

سەرۆكی پەرلەمانی روسیا، باس لە وەڵامی سەربازیی دەكات بەرانبەر بە توركیا
سێرگین ناریشكین سەرۆكی پەرلەمانی روسیا رایگەیاند، روسیا مافی وەڵامدانەوەی سەربازیی هەیە لەپاش خستنەخوارەوەی فڕۆكە جەنگییەكەی لەلایەن توركیاوە كە ئەندامی هاوپەیمانی ئەتڵەسی (ناتۆ)یە.

ناریشكین لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ كەناڵێكی تەلەفیزیۆنی رۆمانیا وتی: "ئەوەی توركیا كردی كوشتنی بەئەنقەست بوو، بۆیە دەبێت لەبەرانبەر ئەو كارەدا سزای خۆی وەربگرێت".

وتیشی: "ئێمە دەزانین ئەوانەی ئەو كارەیان كرد پێویستە دادگایی بكرێن، لە هەمان كاتدا لایەنی روسیا وەڵامەكەی یەكانگیر دەبێت لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەكان و لەگەڵ ئەوەشدا مافی خۆمانە وەڵامی سەربازیمان هەبێت".

سەرۆكی پەرلەمانی روسیا، باسی لەو رێوشوێنە نوێیانەش كرد كە وڵاتەكەی بۆ پاراستنی ئاسایشی فڕۆكە جەنگییەكانی دەیگرێتەبەر، ئاماژەی بە دانانی سیستمی (ئێس 400 تریامف) كرد كە سیستمێكی بەرگری موشەكی پێشكەوتووە و رۆڵی پاراستنی فڕۆكەكانی روسیا دەبینێت كە لە سوریا بۆردومانی داعش و گروپە تیرۆریستییەكانی تر دەكەن.

سێ‌ شەممەی رابردوو، فڕۆكەیەكی روسی لەجۆری "SU 24" لەلایەن سوپای توركیاوە لە نزیك سنورەكانی سوریا – توركیا خرایە خوارەوە، بە وتەی سەرۆكایەتی توركیاش، بەر لە رووداوەكە فڕۆكەكە كایەی ئاسمانی وڵاتەكەی بەزادبوو، بۆیە 10 جار ئاگارداركراوەتەوە، بەڵام مۆسكۆ ئەوەی رەتكردەوە فڕۆكەكەی كایەی ئاسمانی ئەو وڵاتەی بەزاندبیبَت.

لەیەكەم كاردانەوەی فەرمیشدا ڤلادیمێر پۆتین سەرۆكی روسیا رایگەیاند: "فڕۆكە جەنگییەكە ئاسمانی‌ توركیای‌ نەبەزاندووە و هەڕەشەی‌ بۆسەر كایەی ئاسمانی‌ ئەو وڵاتە درووست نەكردوو"، هۆشداریشیدا لە كاریگەریی‌ خراپی‌ رووداوەكە بۆسەر پەیوەندییەكانی‌ نێوان روسیا و توركیا.












خەندان
Top