ئۆباما دۆخی نائاسایی بەرامبەر ئێران درێژ کردەوە

 ئۆباما دۆخی نائاسایی بەرامبەر ئێران درێژ کردەوە
سەرۆکی ئەمریکا ، لە نامەیەکیدا بۆ کۆنگرێسی وڵاتەکەی لەگەڵ جەختکردن لە سەر ئەوەی دۆخی نێوان ئێران و ئەمریکا ئاسایی نەبووەتەوە، داوای درێژکردنەوەی بڕیاری (دۆخی نائاسایی نیشتمانی) ئەمریکا بەرامبەر ئێران دەکات.

نامەکەی ئۆباما ئاماژەیە بۆ رێککەوتنەکانی 19 جۆنیڤەری 1981 لە نێوان تاران و واشنتندا، کە نوێنەرانی تاران و واشنتن لە جەزایر، بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسییەی بە بارمتەگرتنی کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئێران، چەند رێککەوتنێکیان کرد.

لە چوارچێوەی درێژکردنەوەی بڕیارەکەدا، فەرمانی جیمی کارتەر، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا کە 10 رۆژ دوای بەبارمتەگرتنی کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئێران دەرچوو، رەچاو کراوە.

بە پێی ئەو فەرمانە سەرۆککۆماری ئەمریکا دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی (دۆخی نائاسایی نیشتمانی) رابگەیێنێت و لە ئەنجامدا دەکرێت ئەو بڕیارە هەموو ساڵێک لە ئاست ئێران درێژ بکرێتەوە یاخود بە فەرمانی سەرۆککۆمار هەڵبوەشێتەوە.

بڕیاری (دۆخی نائاسایی نیشتمانی) دەرفەت بۆ حکومەتی ئەمریکا دەڕەخسێنێت کە لە دەستبەسەرداگرتنی بەشێک لە داراییەکانی ئێران لە ئەمریکا، بەردەوام بێت.

دوای رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، ئەوە یەکمجارە بڕیاری (دۆخی نائاسایی نیشتمانی) لە ئاست ئەو وڵاتە درێژ دەکرێتەوە.






رووداو
Top