دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان بەڵێنی هاوکاری بە کورد دەدات

دۆناڵد  ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان بەڵێنی هاوکاری بە کورد دەدات
یەکێک لە دیارترین کاندیدانی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا بەڵێنی وەشاندنی چەندین گورزی بەهێز و کاریگەری لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش دا و رایگەیاند، کە ئەگەر ببێتە سەرۆکی وڵات، ئەوا بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لەناو عیراقدا هەماهەنگی لەگەڵ کورد و چەند هێزێکی دیکەی ناوچەکدا دەکات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرمایەدار و کاندیدی ناسراوی کۆمارییەکان لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی سی ئێن ئێن، وتی: "پێویستە بەو پەری توانامانەوە رووبەڕووی تیرۆریستانی داعش ببینەوە و سەرچاوە داراییەکانی رێکخراوەکە نەهێڵین".

ناوبراو، لە وەڵامی ئەوەی کە ئایا نییەتی هەیە هێزی شەڕکەری ئەمریکی بۆ ناو عیراق رەوانە بکات، وتی: "بەڵێ ئەو کارە دەکەم و لەگەڵ کوردەکان و هێزەکانی دیکەی ناوچەکەدا کاردەکەم، زۆر کەسی دیکە هەن، کە دەیانەوێت داعش لە عیراقدا نەمێنێت".

ترەمپ لەبارەی کەوتنەخوارەی فڕۆکە روسییەکەشەوە، وتی: "کەوتنە خوارەوەی ئەم فڕۆکەیە هۆکارێکی دیکەی دایە دەست روسیا، تاکو بەردەوامبێت لە شەڕی دژی تیرۆر لە ناوچەکەدا".

وتیشی: "نابێت لە شەڕی داعشدا بە تەنیا بین و رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەبێت لە نەهێشتنی سەرچاوە داراییەکانییەوە دەستپێبکات، ئەمەش پەیوەندی بە نەوتەوە هەیە".

سەبارەت بە دۆخی سوریا، ترەمپ دەڵێت: "هیچ بڕوایەکم بە پشتیوانیکردنی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە نییە، چونکە لە بنەڕەتدا ئێمە نازانین ئەوان کێن؟ بە تەنیا تەماشاکردنی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەسە بۆ ئەوەی تێبگەین، کە بارودۆخەکان لە سوریادا خراپتر بوون وەک لەوەی پێشتر هەبوون، لەبەر ئەمەش دەڵێم ئەوان ناناسین".










خەندان
Top