دوای تێپەڕبوونی ساڵێک ئۆباما و نەتانیاهۆ کۆ دەبنەوە

دوای تێپەڕبوونی ساڵێک ئۆباما و نەتانیاهۆ کۆ دەبنەوە
سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوای تێپەڕبوونی یەک ساڵ لە گرژی نێوانیان بە هۆی دانۆستانەکان و دواتر رێککەوتنی ئێران و گروپی 5+1، بڕیارە سبەینێ دووشەممە کۆ ببنەوە.

بە پێی هەواڵی فرانس پرێس، "بنیامین نەتانیاهۆ" سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە مەبەستی ئەو دیدارە سەردانی واشنتۆن دەکات. رێبەرانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دوایین جار لە ئۆکتۆبەری 2014 کۆبوونەوە.

ئەمەریکا و ئیسرائیل بە دوو وڵاتی هاوپەیمان لە جیهان هەژمار دەکرێن و رێبەرانی ئەو دوو وڵاتە بە بەردەوامی جەختیان لە سەر گرنگی پەیوەندییەکان کردۆتەوە. سەرەڕای ئەوەش لە ماوەی مانگەکانی رابردوو پەیوەندییەکان تا رادەیەک بەرەو لاوازی چوو. لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو و بە تایبەتی لەو کاتەی کە ئێران و گروپی 5+1 دەستیان بە دانۆستان لە سەر پرۆگرامی ئەتۆمی ئەو وڵاتە کردەوە، ئیسرائیل یەکێک لە نەیارانی سەرەکی ئەو بابەتە بوو.

شارەزایان و شرۆڤەکاران لە سەر ئەو بڕوایەن کە دیداری هەر دوو لایەن لە سەر بنەمای گفتوگۆکان بۆ بابەتەکانی بەرگری و گرێبەستی نوێیە و جەخت کردنەوە لە سەر ئەو بابەتەیە کە هەر دوو لا دەتوانن لە گرژییەکان دوور ببنەوە. چاوەروان دەکرێت هەر دوو لا لەو دیدارە لەبارەی رێککەوتنی بەرگریی دە ساڵەی نوێ و زیاد بوونی یارمەتییەکانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل گفتوگۆ بکەن.

ئەو دیدارە بە 16هەمین دیداری نێوان "باراک ئۆباما"ی سەرۆکی ئەمەریکا و "بنیامین نەتانیاهۆ"ی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەژمار دەکرێت.
Top