وەزیری بەرگری ئەمەریکا رەخنە لە وڵاتانی کەنداو دەگرێت

وەزیری بەرگری ئەمەریکا رەخنە لە وڵاتانی کەنداو دەگرێت
"ئەشتۆن کارتەر" وەزیری بەرگری ئەمەریکا رایگەیاندووە، هۆکاری کارتێکەری ئێران لە ناوچە دەگەرێتەوە بۆ بوونی هێزی وشکایی ئەو وڵاتە. وەزیری بەرگری ئەمەریکا رەخنەشی لە وڵاتانی کەنداو گرتووە کە بە شێوەی پێویست هەوڵ بۆ کارتێکەری لە عێراق و سوریا نادەن.

بە گوێرەی هەواڵی بی بی سی، "کارتەر" لە گفتوگۆ لەگەڵ گۆڤاری ئەمەریکی ئەتلانتیک گوتویەتی: "ئەگەر بە دوای هۆکاری زیادبوونی کارتێکەری ئێرانییەکان بن، دەبینن کە ئەوان لە یارییەکە ئامادەن، لە رووی وشکاییەوە".

ئەو جەختیشی کردۆتەوە، ئەمەریکا لەو ئامادەبوونەی ئێران رازی نییە و لە هەمان کاتیشدا رەخنەی ئاراستەی هەندێک وڵاتی کەنداو کردووە کە لە جیاتی ئامادەیی هێزی وشکاییان، "لە بەرزایی سی هەزار پێ" و بە شێوەی ئاسمانی بوونیان هەیە.

شایەنی ئاماژە پێکردنە، نزیکەی دە رۆژ لەمەوبەریش بەرپرسی ژووری هاوبەشی سوپای ئەمەریکا رایگەیاند، ئێران کەمتر لە دوو هەزار هێزی سەربازی لە سوریا و هەزار هێزی سەربازیشی لە عێراق هەیە.

فەرماندەکان و بەرپرسانی ئێرانیش لە هەفتەکانی رابردوو ئاماژەیان بە زۆربوونی هێزی راوێژکاریان لە سوریا داوە. ژمارەی کوژراوەکانی ئێرانیش لە سوریا لە ماوەی یەک مانگی رابردوو رووی لە زیاد بوون کردووە و گەیشتووتە 40 کەس.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا ئاماژەشی داوە کە جگە لە ئێمارات کە خاوەن "هێزێکی سنووردار بەڵام بە توانا" لە یەمەنە، بەڵام وڵاتانی دیکەی کەنداو و هەروەها میسر خاوەن ئەو جۆرە هیزانە نیین.

Top