سبەی خەڵکی تورکیا بەرەوە هەڵبژاردن دەچن
لەو هەڵبژاردنەدا 16 پارتی سیاسی بەشداری دەکەن لەوانەش، ئاک پارتی، پارتی سەربەخۆی تورکیا، پارتی یەکگرتووی گەورە، پارتی کۆماری گەل، پارتی دیموکرات، پارتی چەپی تورکیا، پارتی دیموکراتی گەلان، پارتی کۆمۆنیست، پارتی گەل، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرەست، پارت سەعاد. پارتەکانی واتان و رزگاری گەل لە 85 ناوچە بەشدار دەبن. پارتی ماف و ئازادییەکان لە 78 ناوچە بەشدار دەبێت. پارتی رێگەی راست لە 67 ناوچە و پارتی لیبراڵ دیموکرات لە 61 ناوچە بەشداری هەڵبژاردنەکان دەبن. لەسەرانسەری تورکیاش 21 پاڵێوراوی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن.
- کاتەکانی دەنگدان
رۆژی یەکشەممە لە كاتژمێر 08:00 تا 17:00 پڕۆسەی دەنگدان بەردەوام دەبێ و لە دوای ئەو كاتژمێرە، سندووقەکان دادەخرێن. لەو کاتەدا ئەگەر بێت و کەسانێک لە چاوەڕوانی دەنگدان راوەستابن و دەنگیان نەدابێت بە بڕیاری سەرۆکی لێژنەی سەر سندووق، ژمارەکەیان دیاریی دەکرێ و رێگەیان پێ دەدرێ کە دەنگ بدەن. لە دوای کۆتاییهاتنی ئەو وادەیە بە بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان هیچ دەنگێک پەسەند ناکرێت.
بۆ دەنگدەرانی دەرەوەی وڵاتیش کە لە 8ی مانگەوە دەنگدان دەستی پێ کردووە، لەسەر سنوورەکانی تورکیا تا رۆژی یەکشەممە كاتژمێر 5ی ئێوارە ئەو پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت.
بە گشتیی لە نێوخو و دەرەوەی تورکیا 75 ملیۆن و 288 هەزار و 955 هەزار پسوولەی دەنگدان لە نوێنەرایەتییەکان و خاڵەکانی سنووری دابەش کراوە.
بەپێی بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە كاتژمێر18:00 ئێوارەی ئەمڕۆ پڕوپاگەندەکان کۆتاییان پێ دێت و بەو پێیە پارتەکان و پاڵێوراوانی سەربەخۆ بۆیان نییە بەیاننامەی نووسراو، رێکلام و پڕوپاگەندە بڵاو بکەنەوە، یان لەسەر ئینتێرنێت درووشم و یان نووسراو یان گرتەیەکی ڤیدیۆیی دابەزێنن.
لە رۆژی هەڵبژاردندا لە كاتژمێر06:00 هەتا كاتژمێر24:00 خواردنەوەی کحولی نافرۆشرێت و شوێنەکانی فرۆشتن و پێدانی ئەو خواردنانە دادەخرێن.
لەو رۆژەدا جگە لە هێزەکانی ئاسایش هیچ کەسێک بۆی نییە چەک هەڵبگرێت و راگەیاندنەکان بۆیان نییە هەتا كاتژمێر18:00 هیچ دەرەنجام یان پێشبینییەک لەبارەی هەڵبژاردنەکان بڵاو بکەنەوە و رادیۆکان و ئامرازەکانی دیکەی راگەیاندن لە كاتژمێر18:00 هەتا 21:00 بۆیان هەیە تەنیا راگەیەنراوەکانی کۆمیسیۆن دەربارەی هەڵبژاردنەکان بڵاو بکەنەوە.
لە دوای كاتژمێر21:00 راگەیاندنەکان ئازاد دەبن لە بەرنامەکانیان و لە ئەگەری هەر چەشنە گۆڕانکارییەک لەم بارەیەوە تەنیا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بڕیار دەدات.
AA
