سه‌رۆك كۆماری توركیا: رێگا ناده‌ین نموونه‌ی باكووری عیراق، له باكووری سوریادا دووباره ببێته‌وه
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا له چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا، كه به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ دوو كه‌ناڵی ناوخۆیی وڵاته‌كه‌یدا سازیدابوو، باسی له دوایین گۆڕانكاری و پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه كرد و پرسی كوردانی رۆژئاواش، یه‌كێك بوو له پرسه سه‌ره‌كییه‌كان.
ئه‌ردۆغان سه‌باره‌ت به پێشڕه‌وییه‌كانی كوردانی رۆژئاوای كوردستان وتی: "توركیا رێگا نادات پارتی یه‌كێتی دیموكراتیك "په‌یه‌ده"، له سوریادا باڵاده‌ست بێت و له گرێ سپی كانتۆنێكی سه‌ربه‌خۆ رابگه‌یه‌نێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌ر كارێك پێویست بێت بۆ رێگرتن له كورده‌كانی هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا له سوریا ده‌یكه‌ین".
ئه‌ردۆغان وتیشی: "توركیا ئه‌ندامه له هاوپه‌یمانێتی باكووری ئه‌تڵه‌سی ناتۆ و به‌شێكه له‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ی كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا دژی رێكخراوی تیرۆریستی داعش سه‌ركردایه‌تیی ده‌كات، به‌ڵام پێشڕه‌وییه‌كانی كوردانی سوریا له‌ژێر فه‌رمانی په‌یه‌ده‌دا مه‌ترسییه بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییمان".
وتیشی: "توركیا ئاماده‌یه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر مه‌ترسییه‌ك به درێژایی سنووری سوریا و ناتوانین رێگا بده‌ین نموونه‌ی باكووری عیراق، له باكووری سوریادا دووباره ببێته‌وه".
له‌كۆتایی قسه‌كانیدا سه‌باره‌ت به پرسی كورد له سوریادا، ئه‌ردۆغان وتی: "ئه‌مه ئاگاداركردنه‌وه‌یه، توركیا پێویستی به وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت له هیچ كه‌سێك نییه و پێویسته كورده‌كان له گرێ سپی پاشه‌كشێ بكه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌و كاره ده‌كه‌ین كه پێویسته".
خه‌ندان
