رووسیا: ئامادەین پشتیوانیی ئاسمانی سوپای ئازادی سووریا بکەین
لاڤرۆڤ هەروەها ئاماژەی بەوەشدا رووسیا خوازیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی هەرچی زووترە لە سووریا بەڕێوەبچن، داواشی لە حکومەتی سووریا کرد ئامادەکاری پێویست بۆ ئەم مەبەستە بکات.
ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی رووسیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا، سعودیە و تورکیا دێت، کە رۆژی هەینی لە شاری ڤیەننای پایتەختی نەمسا بەڕێوەچوو.
لاڤرۆڤ لە بەشێک لە لێدوانەکەیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە "ئەکتەرە دەرەکییەکان ناتوانن هیچ بڕیارێک بۆ سوورییەکان بدەن، بەڵکو دەبێت لایەنەکانی سووریا هان بدەن بۆ ئەوەی لەسەر پلانێک رێکبکەون، کە تێیدا بەرژەوەندییەکانی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی، ئایینی و سیاسییەکان بپارێزرێت".
وەزیری دەرەوەی رووسیا هەروەها ئاشکرای کرد گۆڕانکارییەکی بنچینەیی لە تێڕوانینی رۆژئاوا و وڵاتانی کەنداو بەرامبەر بە داهاتووی بەشار ئەسەد لە سووریا دروست بووە، ئەگەرچی ئەو وڵاتانە لە گوتارەکانیاندا جەخت لەسەر لاچوونی ئەسەد دەکەنەوە.
ئەمە یەکەم کاردانەوەی رەسمی رووسیایە سەبارەت بە سووریا دوای کۆبوونەوە چوار قۆڵییەکەی رۆژی هەینی، کە بە گوێرەی چاودێرانی سیاسی بە کۆبوونەوەیەکی ناسەرکەوتوو وەسفکرا.
بڕیار وایە لە داهاتوویەکی نزیکدا جارێکی دیکە وەزیرانی دەرەوەی ئەم چوار وڵاتە کۆببنەوە، پێشبینیش دەکرێت نوێنەری پایەبەرزی کۆمەڵێک وڵاتی دیکەش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و یەکێتی ئەوروپاوە بەشداری کۆبوونەوەکان بن. سەرچاوەکانی نزیک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چاوەڕێ دەکەن کۆبوونەوەکە رۆژی هەینی بەڕێوەبچێت.
رووداو
