ئەسەد بۆ ئەردۆغان : لە ئاستێکدا نیت ئامۆژگاریی کەس بکەیت
ئەسەد، سەبارەت بە پرسی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا، وتی : " پێویستە هەوڵە هاوبەشەکانی سوریا، روسیا، ئێران و عیراق لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا سەرکەوتن بەدەستبێنن، بەپێچەوانەوە خۆمان لە بەردەم وێرانبوونی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبینینەوە، تیرۆر ئامرازێکی تازەیە بۆ تێکدانی ناوچەکە و هیچ رێگایەکمان لەبەردەستدا نییە، جگە لە ئارامگرتن".
ئەسەد، رەخنەی توندی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و ئەحمەد داود ئۆغلۆ، سەرۆکی حکومەتە کاتییەکەی وڵاتەکە گرت و وتی : " ئەو کەسەی بۆشاییەکی زۆری بەهۆی لێدوانەکانییەوە لە ناو تورکیادا دروستکرد، لە ئاستێکدا نییە، نە ئەو و نە داود ئۆغلۆ، تاکو ئامۆژگاریی هیچ دەوڵەتێک و هیچ گەلێکی جیهان بکات".
لەبارەی ئەو هاوپەیمانێتییەی، ئەمریکا لە دژی تیرۆر سەرکردایەتیی دەکات، ناوبراو وتی : " هیچ ئەنجامێکمان لەو هاوپەیمانێتییە نەبینیوە، چونکە بە سادەیی، ئەو دەوڵەتانەی پشتیوانیی تیرۆر دەکەن، ناتوانن دژی بوەستن و لەو کارەیاندا جدی-بن".
لەبارەی داهاتووی سوریاشەوە، دەڵێت : " گۆڕان لە هەڵوێستی رۆژئاواییەکاندا، ئەرێنی بێت یان نەرێنی، ناکرێت بە جدی وەربگیرێت، چونکە متمانەیان نییە، داهاتووی سوریا و رژێمە سیاسییەکە، لەدەستی گەلی سوریا-دایە، نەک هیچ بەرپرسێکی بیانی".
خەندان
