فەڕەنسا دواین هەڵوێستی خۆی راگەیاند

فەڕەنسا دواین هەڵوێستی خۆی راگەیاند
سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا لە لێدوانێکدا سەبارەت بە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی روسیا هەڵوێستێکی نوێی وڵاتەکەی پیشاندا و وتی: پێوسیتە ئەو وڵاتە لە پێکانی ئامانجەکانیدا هەڵە نەکات.

مانیۆل ڤالس، سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا، ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی تشرینی یەکەم، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، کە لە وڵاتی ژاپۆن و لەمیانەی سەردانە سێ رۆژییەکەیدا بۆ ئەو وڵاتە پێکهێنرابوو رایگەیاند، کە پێویستە روسیا لە پێکانی ئامانجەکانیدا هەڵە نەکات.

ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکانی روسیا لەناو خاکی سوریادا وتی : " دەتوانرێت لە چوارجێوەی چەند مەرجێکدا بەرهەڵستیی روسیا لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی لەناو خاکی سوریادا نەکرێت".

وتیشی : " پێویستە هێرشەکان ناوچەی گرنگ و بە دیاریکراوی رێکخراوی تیرۆرستیی داعش بکەنە ئامانج و داوا لە هەمووان دەکەین لەوبارەیەوە هەڵە نەکەن".

ناوبراو، پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی وەک مەرجی دووەمی فەڕەنسا لە بۆ رازیبوون بە هێرشە ئاسمانییەکانی روسیا ئاشکراکرد و سێیەم مەرجیش بەشداریی روسیایە لە دروستکردنی سوریایەکی نوێی بێ-ئەسەد.

وتیشی : روسیا لە ماوەی سێ رۆژدا، زیاد لە 60 هێرشی ئاسمانیی لەناو خاکی سوریادا ئەنجامداوە و تاکو ئێستا وادەردەکەوێت، کە هێرشەکان بۆ پاراستنی ئەسەد بن".









خەندان
Top