سەرکردەکانی ئەوروپا هۆشداری دەدەنە رووسیا
سەرۆکی فەرەنسا دوای کۆبوونەوەکان رایگەیاند کە سەرۆکی رووسیایان لەوە ئاگادار کردووەتەوە، دەبێت ئامانجی هێرشەکان بۆ سەر داعش بێت نەک لایەنەکانی دیکە.
فرانسوا ئۆلاند سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند: "ئەوەی من بە بەڕێز پوتینم گوتووە، ئەوەیە کە دەبێت هێرشە ئاسمانییەکان تەنیا بۆ سەر داعش بن، ئێمە هیچ ئامانجێکی دیکەمان نییە، بۆیە دەبێت هەرکەسە و بەگوێرەی بەرپرسیارێتی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت".
ئۆلاند راشیگەیاند هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیا تەنیا یەک هێرشیان داعشی کردووەتە ئامانج، بۆیە دەبێت ئامانجەکانی بگۆڕێت.
فرانسۆ ئۆلاند هەروەها رایگەیاند "من بە بەڕێز پووتینم گوت، لەنێو هەموو ئەو ئامانجانەدا کە رووسیا هەیبووە تەنیا یەک دانەیان لە نزیک رەققە بووە، ئەوانی دیکە هەموویان ئۆپۆزسیۆنی سووریایان کردووەتە ئامانج، بۆیە هەڵوێستی فەرەنسا زۆر روونە: ئێمە دەبێت لەو شوێنانە بدەین کە داعشی لێیە".
ئەمە لەکاتێکدایە رووسیا ئاماژەی بەوە کردووە، جگە لە داعش بەرەی نوسرە و ئەحرارولشام دوو گرووپی دیکەی تیرۆرستین و لەنێو لیستی رەشدان، کەچی تاکە ئامانجی ئەوروپا داعشە.
ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا هەروەها رایگەیاند "ئێمە زۆر بە روونی گوتمان داعش ئێستا ئەو دوژمنەیە، کە دەبێت شەڕی لەدژی بکەین، ئەوەی دەمێنێتەوە، پێویستی بە چارەسەری سیاسی هەیە کە بەرژەوەندی ئۆپۆزسیۆن لەخۆی بگرێت، ئۆپۆزسیۆنیش هەمیشە پشتیوانیی ئێمەی هەیە".
سەرەڕای ناڕەزایەتییەکان لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا و بەشێک لە وڵاتانی کەنداو، بەڵام رووسیا ئامادەیی خۆی بۆ بەردەوامی هێرشە ئاسمانییەکان نیشانداوە و راشیگەیاند، بۆ سێ تاوەکو چوار مانگی دیکە لەو هێرشانە بەردەوام دەبێت، ئەوەشی نەشاردووەتەوە جگە لە داعش گرووپەکانی دیکەی وەک بەرەی نوسرە و هێزە جیاوازەکانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن دەکاتە ئامانج.
رووداو
