سوپای پاسداران: تۆڵەی حاجییەکان لە سعودیە دەکەینەوە
جەعفەری رۆژی شەممە 3-10-2015 لە کۆبوونەوەی بنکەی دەریایی خاتەمولئەنبیای سەر بە سوپای پاسداران گوتی:"سوپای پاسداران تۆڵەی ئەو تاوانە بە قورسی لە سعودیە دەکاتەوە و هەموو تواناکانی خۆی لەپێناو بەکردەوەکردنی خواستی رێبەری کۆماری ئیسلامی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی سعودیە ناچار بکات لە هەمبەر کارەساتەکەی مینادا وەڵامدەر بێت".
پێشتر عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران هۆشداریی دابوو کە ئەگەر " سعودیە بێڕێزی بە حاجییە ئێرانییەکان بکات و ئەرکی خۆی لە ئاستی حاجییە کوژراوەکان بەجێنەهێنێ، ئێران کاردانەوەی تووند و قورسی دەبێت".
جەعفەری لە لێدوانەکەی ئەمڕۆیدا گوتیشی: "جیهانی ئیسلام لە خیانەت و جەهالەتی ئەبولەهەب ئاسای بنەماڵەی پاشای سعودیە، لە قەڵاچۆکردنی خەڵکی یەمەن، ئاوارەکردنی خەڵکی سووریا، سەرکوتکردنی خەڵکی بەحرەین، کوشتارە ئەتنی و ئایینییەکان لە عێراق و ئاژاوەگێڕی و پەرەپێدانی تیرۆریزم لە هەموو ناوچەکە بێزار بووە و زۆری نەماوە ئەو رژیمە لە تووڕەیی مسوڵماناندا بتوێتەوە."
هەر ئەمڕۆ حەسەن رۆحانی سەرۆککۆماری ئێرانیش لە رێوڕەسمی پێشوازیکردن لە تەرمی حاجییانی ئێرانی لە تاران گوتی: "ئێران لەوانەیە لە ئاستی ئەو رووداوەدا بەرامبەر سعودیە زمانی دەسەڵات و هێز بەکار بێنێت".
رۆژی 24-ی ئەیلوول لە رێوڕەسمی حەجدا سەدان حاجی بوونە قوربانی کە 465 کەسیان ئێرانی بوون و ئەمڕۆ تەرمی 104 کەسیان گەیشتەوە ئێران.
ئێران دەوڵەتی سعودیە بە بەرپرسی گیانلەدەستانی ئەو حاجیانە دەزانێ و لە کاردانەوەی ئەو وڵاتە بەرامبەر بە رووداوەکەش بەتووندی رەخنە دەگرێت.
رووداو
