کڵێسای روسیا: وڵاتەکەمان رێبەرایەتی جەنگی پیرۆز لە سوریا دەکات
بە گوێرەی هەواڵی "ئەلعەرەبیە"، "وسیۆلۆد چاپلین" بەرێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی روسیا لەوبارەوە گوتویەتی: "جەنگی دژ بە تیرۆریزم، جەنگێکی پیرۆزە و روسیا چالاکترین هێز لەم جەنگە جیهانیەیە".
روسیا رۆژی رابردوو دوای ئەوەی "ڤلادیمیەر پوتین" رەزامەندی پەرلەمانی ئەو وڵاتەی بۆ هێرشی ئاسمانی بەدەست هێنا، هێرشە ئاسمانییەکانی لە سوریا دەست پێکردووە.
کڵێسای روسیا لە راگەیەندراویکدا ئاماژەی داوە: "روسیا بڕیارێکی گونجاوی داوە بە مەبەستی کەڵک وەرگرتن لە هێزە سەربازییەکەی بۆ پشتگیری کردن لە خەڵکی سوریا و دژ بە تیرۆریستەکان".
قەشەی باڵای کڵێسای روسیا کە لەبارەی بابەتە سیاسییەکان بۆچونی خۆی دەردەبڕێت، گوتویەتی، لاری نییە بەرامبەر بە دەستێوەردانی سەربازی مۆسکۆ، چۆنکە بە وتەی ئەو "رەوتی سیاسی نەیتوانیوە ببێتە هۆی باشتر بوونی بارودۆخی خەڵکی بێ تاوان و ئەوان پیویستیان بە پاڵپشتی سەربازی هەیە".
ئەو جەختی لە سەر خراپ بوونی بارودۆخی مەسیحییەکانی ناوچەکە و هەروەها موسلمانەکان کردۆتەوە. لە هەمان کاتدا "چاپلین"یش گوتویەتی، کڵێسا پشتیوانی لەو کردارەی روسیا دەکات کە هاوتەریبە لەگەڵ یاساکانی نێودەوڵەتی و سیاسەتی هەمیشەیی روسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە هەمان کاتدا ناوەندی موسلمانەکانی روسیاش پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو بڕیارەی حکومەتی روسیا دەربڕیوە.
شایەنی باسە، کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی روسیا لە سەردەمی حکومەتی کۆمۆنیستی ئەو ولاتە گوشارێکی زۆری لە سەر بووە، بەڵام لە حکومەتی نوێی روسیا سەرەڕای جیاکردنەوەی ئایین لە سیاسەت، پەیوەندییەکی باش لە نێوان ئەو کڵێسایە و حکومەت بوونی هەیە.
