ئێران: نزیكه‌ی 5000 حاجی گیانیان له‌ده‌ستداوه
به‌پێی هه‌واڵێكی ته‌له‌ڤزیۆنی فه‌رمی ئێران، به‌یانیی ئه‌مڕۆ ٢٩ی ئەیلوول سه‌عید ئه‌وحه‌دی سه‌رۆكی ده‌زگای حه‌جكردن و سهردانكارانی شوێنه پیرۆزه‌كانی ئێران رایگه‌یاند، به‌هۆی قه‌ره‌باڵغی له مینا له كاتی رێوڕه‌سمیی بهردبارانكردندا 4 هه‌زار و 700 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه نه‌ك 800 كه‌س.
ئه‌وحه‌دی زیاتر گوتی" به‌رپرسانی سعودیه ژماره راسته‌قینه‌كه‌یان شاردووه‌ته‌وه، ئێستا 21 بارهه‌ڵگر كه 3 هه‌زار ته‌رمی حاجیی له‌خۆ ده‌گرێت، له چاوه‌ڕوانی ته‌واوكردنی مامه‌ڵه‌ی راپۆرتیی نۆرینیی و رهوانهكردنیانن بۆ وڵاته‌كانیان".
سه‌رۆكی ده‌زگای حه‌جكردن دووپاتی كرده‌وه " ته‌نیا ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدانی حاجییه‌كانی ئێران 228 كه‌سه و تاوەکو ئێستا 20 حاجی دیكه‌مان دیارنین و ئه‌گه‌ر هه‌یه ژماره‌كه بۆ 248 حاجی زیاد بكات".
رۆژی ٢٤ی ئەیلوول کە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان بوو بەهۆی داخرانی دەرگای شەمەندەفەرێک لە مینا لە مەککە قەرەباڵخیی و خۆپێکدادان دروستبوو و لەئەنجامدا ژمارەیەکی زۆری حاجیان گیانیان لەدەستدا، کە بەپێی دوایین ئاماری سعودیە ٧٦٩ حاجی گیانیان لەدەستداوە و ٩٣٤ حاجیش برینداربوونە.
رووداو
