تورکیا داوایەکی یەکێتیی ئەوروپا رەتدەکاتەوە

تورکیا داوایەکی یەکێتیی ئەوروپا رەتدەکاتەوە
سەرۆک وەزیرانی تورکیا داوایەکی یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی پەنابەرانەوە رەتدەکاتەوە.

ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە لیدوانێکدا بە رۆژنامەی حورییەتی وڵاتەکەی راگەیاندووە، کە بە ئەوروپییەکانی راگەیاندووە، ”هیچ سەنتەرێکی پێشوازیکردنی پەنابەران لە نێو خاکی تورکیا دروست ناکرێت“.

رۆژی چوارشەممە رابردوو، سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا رێککەوتن لەسەر بەهیزکردنی سنوورەکانی ئەوروپا و دروستکردنی سەنتەری پێشوازیکردن لە پەنابەران لە هەرردوو وڵاتی یۆنان و ئیتاڵیا، وێڕای زیادکردنی هاوکاریی دارایی بۆ رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی و خۆراکی نێودەوڵەتی، بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی دراوسێی سوریا، بۆ لەخۆگرتنی پەنابەرانی ئەو وڵاتە.

ئەحمەد داودئۆغڵو لەبارەی رەزامەندیی وڵاتەکەی بۆ وەرگرتنی هاوکاریی دارایی لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ وەرگرتنی پەنابەران لە سەنتەرێکی پێشوازیکردن، رایگەیاندووە، کە تورکیا بەم پلانە رازی نییە و ”بەهیچ شێوەیەک ئەو پارەیەمان ناوێت“.

سەرۆک وەزیرانی تورکیا دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لە باکووری سوریا بە باشتر دەزانێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پەنابەران، تاوەکو لەو ناوچەیەوە هاوکاریی سورییەکان بکرێ و خۆراک و پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکرێت.






باسنیوز
Top