ئەمریکا سەد هەزار کۆچبەر وەردەگرێت

 ئەمریکا سەد هەزار کۆچبەر وەردەگرێت
جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە 20 ی ئەیلولی 2015 لە کۆنگرەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ فرانك ڤاڵتەر شتاینمایەر، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند" ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی داهاتوودا پێشوازی لە 15 هەزار کۆچبەر لەسەرتاسەری جیهان دەکات ، بەمەش ژمارەی کۆچبەران لەو وڵاتە دەگاتە 85 هەزار کۆچبەر و تاوەکو ساڵی 2017 ئەو ژمارەیە بەرزدەکەنەوە بۆ 100 هەزار کۆچبەر".

کێری ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ کۆنگرێس سەبارەت بە پرسی زیادکردنی ئەو ژمارەیە راوێژدەکەن.

پێشووتر ئەمریکا بڕیاریدابوو لە ساڵی 2015 زیاتر لە 10 هەزار کۆچبەری سووری لە وڵاتەکەی وەربگرێت، جۆش ئێرنێست، گوتەبێژی کۆشکی سپی ، رۆژی پێنجشەممە 10 ی ئەیلوولی 2015 رایگەیاند" سەرۆک ئۆباما داوایکردووە بۆ ساڵی داهاتوو حکومەت ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی 10 هەزار کۆچبەری سووری بکەن".

بەهۆی شەڕوناکۆکی نێوخۆیی لە سووریا، کە زیاتر لە 4 ساڵە بەردەوامی هەیە، بە هەزاران کەس لە دانیشتووانی ئەو وڵاتە بەرەو وڵاتانی عەرەبی و رۆژئاوا کۆچیانکردووە، لە ماوەی رابردووشدا هەریەک لە وڵاتانی ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەرەنسا بڕیاریاندا پێشوازی لە کۆچبەرانی سووری بکەن.







رووداو
Top