دەیڤید کامیرۆن: وەزیرێکی تایبەت بۆ کاروباری پەنابەرانی سووریا دادەنێین

 دەیڤید کامیرۆن: وەزیرێکی تایبەت بۆ کاروباری پەنابەرانی سووریا دادەنێین
دەیڤید کامیرۆن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند حکومەتەکەی وەزیرێکی تایبەت بە کاروباری پەنابەرەکانی سووریا دەستنیشاندەکات، بەرپرسیارێتی وەزیرەکەش جێبەجێکردنی پلانی وەرگرتنی 20 هەزار پەنابەری سووریا دەبێت.

کامیرۆن کە بە گەشتێک لە لوبنانە و سەردانی کەمپی پەنابەرە سوورییەکان لەم وڵاتە دەکات، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە وڵاتەکەی سوورە لەسەر ئەوەی پەنابەرەکانی ناو کەمپەکان وەربگرێت، بۆ ئەوەی رێگری بکەن لەوەی پەنابەران بۆ گەیشتن بە ئەوروپا گیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە.

دەیڤید کامیرۆن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی:" ویستم لە نزیکەوە چیرۆکی ئەم پەنابەرانە ببیستم و بزانم چیان پێویستە، بەریتانیا هەر ئێستا دووەم وڵاتە لە رووی پێشکەشکردنی هاوکارییەکان بە کەمپەکانی پەنابەران و هەموو قەیرانەکە، ئێمە بە شێوازێک یارمەتی پێشکەش دەکەین و بڕە پارەیەکمان تەرخانکردووە کە زۆر وڵاتی دیکە نایکەن".

کامیرۆن گوتیشی:" ئێمە لەسەر ئەوە بەردەوام دەبین، بەتایبەتیش بۆ پەروەردەکردنی مناڵانی سووری لێرە لە لوبنان و لە شوێنەکانی دیکەش، پێموایە ئەمە زۆر گرنگە".

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیائاماژەی بەوەشکرد، کە وەزیرێکی تایبەتی دیاری دەکەم بۆ ئەوەی کاروباری تایبەت بە وەرگرتنی ئەو 20 هەزار کۆچبەرە بە خێرایی و بە باشی بەرەو پێش بچێت، واتە ئەوانەی بەڵێنمانداوە لە وڵاتی خۆمان نیشتەجێیان بکەین و شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابین بکەین. بۆیەش پێموایە گرنگە خۆم بەچاوی خۆم ببینم پێویستە چی بکەین.











رووداو
Top