وەزیری دەرەوەی یەمەن: چەندین ئەفسەری سوپای پاسداران لە یەمەن دەستگیرکراون

 وەزیری دەرەوەی یەمەن: چەندین ئەفسەری سوپای پاسداران لە یەمەن دەستگیرکراون
وەزیری دەرەوەی یەمەن، حکومەتی ئێران بە دەستێوەردان لە ململانێ نێوخۆییەکانی وڵاتەکەی تۆمەتباردەکات، ئاماژە بەوەشدەدات، چەندین ئەفسەر و کارمەندی سوپای پاسدارانی ئێرانیان لە ناوچە جیاجیاکانی یەمەن دەستگیرکردووە.

ریاز یاسین، وەزیری دەرەوەی یەمەن رۆژی دووشەممە 7 ی ئەیلوولی 2015 لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند" ژمارەیەکی زۆر لە شارەزایان و راوێژکارانی ئێرانی لە یەمەندا هەن، هەروەها ژمارەیەک کارمەند و ئەفسەری سوپای پاسدارانی ئێران لە ناوچە جیاجیاکانی یەمەن دەستگیرکراون".

یاسین ئاشکراشیکرد، وڵاتی ئیمارات لە رووی مرۆییەوە هاوکاری زۆری یەمەنی کردووە.

وەزیری دەرەوەی یەمەن، جەختیشیکردەوە، لە قۆناغی ئێستادا هیچ دانوستاندن و گفتوگۆیەک لەگەڵ حوسییەکانی یەمەندا ناکەن، گوتی" پێویستە حوسییەکان بە بڕيارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پابەندبن".

داواشیکرد، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران بپچڕێنن، گوتیشی" ئێرانییەکان ژووری ئۆپەراسیۆنی سەربازیان لە سەنعا بەڕێوەدەبەن و چەندین بەڵگەنامەمان دەستکەوتووە، کە دەسەلمێنێت ئێران دەستێوەردانی لە کاروباری نێوخۆیی یەمەن ئەنجامداوە".

لە مانگی ئاداری ئەمساڵ، چەندین وڵاتی عەرەبی بە رێبەرایەتی سعودیە هاوپەیمانێتییەکیان پێکهێناو هێرشی ئاسمانیان بۆ سەر چەکدارانی حوسی لەیەمەن ئەنجامدا، لە ماوەی رابردووشدا هێزەکانی سەر بە عەبد رەبە مەنسوور هادی سەرۆکی یەمەن، بەهاوکاری هاوپەیمانی عەرەبی توانیان شاری عەدەن لە ژێر دەستی حوسییەکان دەربێننەوە.





رووداو
Top