ئەو ئەفسەرەی تەرمی ئالانی هەڵگرتەوە باس لە رووداوەکە دەکات
محەمەد چپلاك ناوی ئەو ئەفسەرەی تیمی لێكۆڵینەوەیە و ئاشكرای دەكات لە ساڵی ١٩٩٧ ەوە لەچەندین شوێنی جیاجیا لە فەرماندەیی جەندرمە كاری كردووە تا لە ٢٠١٢ دا لە ناوچەی بۆدروم ئەركی خۆی دەست پێ كردووە.
محەمەد ئاماژە بەوە دەكات كە سەعات چواری بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە بە تەلەفۆن پەیوەندییان پێوە كرا كە لە كەناراوەكانی یاكیارلار فەنەربورنو بەلەمێك نقوم بووە و بەهۆیەوە چەندین سەرنشین خنكاون و تەرمەكانیان هاتۆتە كەنار دەریا.
ئەو دەڵێت سەعات پێنجی بەرەبەیان بۆ لێكۆڵینەوە چۆتە شوێنی رووداوەكە لە كەنار دەریا و هەندێك هاووڵاتیش گەیشتووبوونە كەنار دەریا و تەرمی ئالان لەسەر لمی كەنار دەریا لەسەر دەم كە ناوبەناو شەپۆلی دەریاكان لێی دەدا، راکشابوو.
محەمەد دەڵێت: "كاتێك چوومە شوێنەكە نزام كرد كە ئەو منداڵە نەمردبێت ، هەوڵم دا كە ئاماژەیەك بدۆزمەوە كە لە ژیاندا ماوە، بەڵام بەداخەوە. زۆر نیگەران بووم. هەركە منداڵەكەم بینی، كوڕەكەی خۆمم بیركەوتەوە و وێنەكەی هاتە پێش چاوم".
ناوبراو گوتی: "هەندێك كات خەڵك دەترسێت لەوەی لە تەرم نزیك ببێتەوە، ئەو كات جگە لە ئەركەكەم، وەك ئەوە بووم كە باوكێك باوەشی كردبێت بە منداڵەكەیدا. تەرمی ئالان زۆر سووك بوو، بەڵام هەڵگرتنی بۆ باوكێك زۆر قورس بوو".
محەمەد چپلاك ئاماژە بەوە دەكات كە هەرگیز بە خەیاڵیدا نە دەهات ئەو فۆتۆگرافانە بە تەواوی جیهاندا بڵاو دەبنەوە و دەبنە بابەتی رۆژ.
ناوبراو ماوەی ١٠ ساڵ لە چەندین شوێنی جیاجیا ئەركی خۆی بەجێ گەیاندووە و ئاماژە بەوە دەكات كە كارەكەیان زۆر ئەستەمە، بەتایبەت كاتێك دەچنە سەر تەرمی كەسە نزیكەكان و باس لەوە دەكات لە ناوچەیەكی نزیكدا، چۆتە سەر تەرمی هاورێیەكی نزیكی خۆی كە لە رووداوی هاتوچۆدا گیانی لەدەست دابوو.
ئەو ئەفسەرە ئاماژە بەوە دەكات كاتێك وێنەكانی لە رۆژنامەكاندا دەبینێت كە ئایلانی بە باوەشەوە هەڵگرتووە، ئازارەكەی سەر هەڵداوەتەوە و زۆر لا پێیان دەگووت كە چۆن توانێوێتی تەرمێكی وا قورس هەڵبگرێت.
AA
