خامنەیی: دەبێ گۆڕەپانی ئینتەرنێت لە ئێران بەرتەسک بکرێتەوە

خامنەیی: دەبێ گۆڕەپانی ئینتەرنێت لە ئێران بەرتەسک بکرێتەوە
لەسەر بڕیاری عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران فلتەر و سانسۆری زیاتر دەخرێتە سەر تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو فلتەرە بە گشتی ئینتەرنێتیش دەگرێتەوە.

رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئیران لەگەڵ وەزیرانی دەنگ و ڕەنگ، پەیوەندییەکان و گواستنەوە و وەزیری ئیرشاد و بەشی فەرهەنگی ئێران، هەروەها هێزە ئەمنی و نیزامییەکان کۆبووەتەوە و باسی ئەوەی کردووە کە دەبێ گۆڕەپانی ئینتەرنێت لە ئێران بەرتەسک بکرێتەوە.

ئەو لێپرسراوە داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای دونیای مەجازی کردووە کە هەر چی خێراتر کار بۆ وەڕێ خستنی پڕۆژەی ئینتەرنیتی میللی بکەن و ڕیگە بەکارهێنەران نەدەن کە بەدڵی خۆیان کەڵک لە دونیای مەجازی وەربگرن.

بەپێی راپۆرتی کۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەوانان کە بنکەکەی لە نیۆیۆرکی ئەمەریکایە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بواری سانسۆردا لەنێو لە 197 وڵاتدا پلەی 190ی هەیە و ئەوەشی خستبوویەڕوو کە ئەوە هەڕەشەیەکی جیدی بۆ سەر چاپەمەنی و میدیاکانی ئەو وڵاتەیە.

فلتەر کردنی ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و واتساپ و وایبێر لەو ئەرکانەن کە رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەردەوامی باسی لێکردووە و داوای کردووە کە سانسۆر بکرێن.













باسنیوز
Top