فەرماندەی سوپای پاسداران: پشتیوانی لە سووریا ئەركی شۆڕشگێرانە و دینیمانە
ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران كەلە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا قسەی دەكرد، پەرژاوەتە سەر هەڵوێستەكانی سوپای پاسدارانی ئێران و بەشێكی زۆر لە لێدوانەكەی تەرخان كردبوو بۆ رێككەوتنی ناوكی و روانگەی سوپا لەو بارەوە.
جەعفەری سەرەڕای هەوڵدان بۆ كەم نرخاندنی رێككەوتنی ناوكی رەخنەی لەو گوتانەی حەسەن رۆحانی گرت كە دەڵێ: “رێككەوتنی ناوكی سێبەری شەڕی لەسەر ئێران لابرد و گوتی: “ئەوە نیشانەی توانایی سوپایە كە پێشی بە شەڕی ئەمەریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێرانی گرتووە.”
جەختیشی كردەوە لە ئەگەری پەسەندكردنی رێككەوتنی ناوكی لە ناوخۆی ئێران هیچ شتێك ناگۆڕدرێ.
جەعفەری جارێكی دیكە ئامادەیی سوپای پاسداران بۆ وەرگرتنی پڕۆژە ئابوورییەكان دەربڕی و داوای لە حەسەن رۆحانی كردووە هەتا رێگەی زیاتر بۆ چالاكیی سوپای پاسداران لە بواری ئابووریدا خۆش بكرێت.
فەرماندەی سوپای پاسداران لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی ئێرانیش هۆشداریی داوە بە لایەنەكانی “هاوتەریبی دوژمنان” كەلە چوارچێوەی حیزب و دامەزراوەكاندا هاتوونەتە گۆڕەپانی هەڵبژاردنەوە و هەڕەشەی كرد كە سوپای پاسداران بە توندی بەرەنگاری ئەو رەوتانە دەبێتەوە.
ئەم گوتانەی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لە کاتێک دایە کە ئێران وەک سەرەکیترین پاڵپستی حکوومەتی سووریا دێتە ئەژمار و ساڵانە دەیان ملیۆن دۆلار یارمەتیی ئەو وڵاتە دەکات.
باسنیوز
