بان کی مۆن: کۆبوونەوەی تایبەت بە پەنابەران ساز دەکەین

بان کی مۆن: کۆبوونەوەی تایبەت بە پەنابەران ساز دەکەین
دوای رووداوەكانی ئەمدوایانە و مردنی دەیان پەناخواز لە ئاوەكانی مەدیتەرانە و نەمسا، “بان كی مۆن” سكرتێری گشتیی داوای لە وڵاتانی ئەندام كردووە كۆڕی تایبەت بە پەنابەران بەڕێوە بچێت.

بان كی مۆن لە لێدوانێكدا ئاشكرای كردووە لە پەراوێزی كۆڕی گشتیی ساڵانەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا كە بڕیارە 30 ـ 9 ـ 2015 بەڕێوە بچێت، كۆڕی تایبەت بە پرسی پەنابەران رێك بخرێت.

رۆژی پێنجشەممە 27ی ئاب دوو بەلەم لە رۆژئاوای تەرابلۆس پایتەختی لیبیا بە 200 پەنابەرەوە كە بەرەو كەسنارەكانی ئیتالیا كەوتبوونە رێ‌، هەموویان لە ئاودا خنكان.

هەتا ئێستە تەرمی 100 كەسیان دۆزراوەتەوە و هێزە فریاگوزارییەكان سەرقاڵی گەڕان بەدوای تەرمی ئەو 100 كەسەكەی دیكەن.

هەمان رۆژ پۆلیسی نەمسا ئۆتۆمبێلیكی لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە دۆزییەوە كە تەرمی 71 پەنابەری تێدا بوو كە هەموویان مردبوون و 59 كەسیان پیاو و هەشت كەسیشیان منداڵ.

رۆژی چوارشەممەش تەرمی 52 پەنابەر لەناو بەلەمێك لە كەناری ئاوەكانی لیبیا دۆزرایەوە.

بان كی مۆن داوای لە وڵاتانی ئەورووپی كردووە كە پشتیوانی زیاتر لە پەنابەران بكەن و گوتوویە: “خاترجەمم مانگی داهاتوو و لە كاتی بەستنی كۆڕی گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا پرسی پەنابەران دەبێتە باسی سەرەكی و ئەولەویەتی كۆبوونەوەكانیان.”

لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا بە شێوەیەكی بەربڵاو پرسی كۆچبەری و پەنابەران بەرەو ئەورووپا بووەتەوە بە پرسی سەرەكیی میدیاكانی جیهان و لە بەشەكانی كوردستان (باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا)ش گەنجێكی زۆر وڵاتیان بەجێهێشتووە.










باسنیوز
Top