نوێنەری نوێی ئەمەریکا لە کاروباری سوریا سەردانی رووسیا و سعودیە دەکات
بە پێی هەواڵی "رۆیتەرز"، بڕیار وایە نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا لە سبەینی هەینی گەشتەکەی خۆی دەست پێ بکات. "راتنەی" بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی هەر دوو وڵاتی رووسیا و سعودیە و هەروەها "دی مستۆرا" نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری سوریا کۆ ببێتەوە.
بە پێی ئەو راپۆرتە، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا لە ریاز و مۆسکۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە کۆ دەبێتەوە و دوایین وەرچەرخانەکانی سوریا تاوتوێ دەکەن بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی گۆنجاو بۆ قەیرانی سوریا. "راتنەی" بڕیار وایە دواتر لە جنیڤ چاوی بە "ستێفان دی مستۆرا"ی نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەوێت.
"مایکل راتنەی" لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە جیاتی "دەنیەل رۆبێنێشتاین" وەکو نێردەی تایبەتی ئەمەریکا لە کاروباری سوریا دەستنیشان کرا. "رۆبێنێشتاین" لە لایەن وەزارەتی دەرەوە وەکو باڵیۆزی ئەمەریکا لە تونس دیاری کرا.
