په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران وكوه‌یت تێك ده‌چن
له‌ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆی له”تویته‌ر” سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ركانی سوپای كوه‌یت هه‌موو ئه‌و هه‌واڵانه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه كه‌باس له‌داگیركردنی كێڵگه‌ی “دوڕه” ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن ئیرانه‌وه. جه‌ختیش له‌وه ده‌كاته‌وه كه‌هێزی ده‌ریایی وڵاته‌كه‌یان له‌ناو سنوری ئاوی نێوده‌وڵه‌تی كوه‌یتدان.
له‌لای خۆیشیه‌وه” مه‌رزوق عه‌لی غانم” سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی كوه‌یت داوای له‌حكوومه‌ت و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه كرد كه هه‌موو ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و ناكۆكییه‌یان بۆ ڕوون بكاته‌وه.
غانم له‌لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا گوتی: ” ده‌بێ حكوومه‌ت سه‌باره‌ت به‌و ناكۆكییه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا دروست بووه، خاڵ بخاته سه‌ر پیته‌كان. زۆربه‌شه‌فافی كێشه‌كه‌مان بۆ ڕوون بكاته‌وه”.
گوتیشی: ” ناكۆكییه‌كی له‌وجۆره زۆر هه‌ستیاره.نابێ به‌جێ بهێڵرێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕای گشتی به‌ئاره‌زووی خۆی ڕاڤه‌ی بكات”.
هاوكات وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كوه‌یت ئه‌وه‌ی ڕه‌تكرده‌وه كه‌هیچ گۆڕانكارییه‌ك به‌سه‌ر بارودۆخی سنوری كێڵگه‌ی دوڕه‌دا هاتبێت. هه‌موو ئه‌وانه له‌كاتێكدان كه “كۆمپانیای نه‌وتی نیشتمانی ئێران” نامیلكه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه وه‌ك ڕینمای ده‌رفه‌ته‌كانی وه‌به‌رهێنانی نه‌وت، تیایدا چه‌ند به‌شێك له‌و كێڵگه نه‌وتییه‌ش به‌موڵكی ئێران دانراون.
ئه‌م كێشه‌یه له‌دوای چه‌ند ڕۆژێك دێت، له‌وه‌ی كوه‌یت شانه‌یه‌كی ده‌ستگیركرد كه‌به‌نیازبوون له‌سه‌رخاكی كوه‌یتدا چه‌كێكی زۆر بشارنه‌وه. حكوومه‌تی كوه‌یتیش حیزبوڵای لوبنانی له‌و ڕووداوه‌دا تۆمه‌تباركرد.
باس‌نیوز
