لە ورمێ 6 بەندكراو لەسێدارە دران
بەپێی راپۆرتی ناوەندی بەرگری لە مافی مرۆڤی كوردستان، سەرلەبەیانیی دوێنی سێشەممە 25 ـ 8 ـ 2015 “بێهروز ئالخانی” بەندكراوی سیاسیی كورد كە سزای سێدارەی بۆ بڕاوەتەوە بە مەبەستی بەڕێوە بردنی حوكمەكەی رەوانەی ژووری تاكەكەسیی زیندانی ورمێ كرابوو، سزای سێدارەی ناوبراو و 5 بەندكراوی دیكەكاتژمێر 1ی شەوی پێشوو بەڕێوە چووە و تەرمەكانیان رادەستی بنەماڵەكانیان كراوەتەوە.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش داوە 5 بەنكراوەكەی دیكە بە تۆمەتی كڕین و فرۆشتنی مادە هۆشبەرەكان سزا و لەسێدارە دراون.
یەكێك لە ئەندامانی بنەماڵەی “بێهرووز ئاڵخانی” وێڕای پشتڕاست كردنەوەی ئەم هەواڵە بە ناوەندی بەرگری لە مافی مرۆڤی كوردستانی گوتووە كە لێپرسراوانی زیندان پێیان راگەیاندووین بە هێنانی نامەی دادگە دەتوانن بێن و تەرمی كوڕەكەیان وەربگرنەوە.
سزای سێدارەی ئەم بەندكراوە سیاسییەی كورد لە كاتێكدا بەڕێوە چووە كە بنەماڵە و كەسوكاری دوێنێ سێشەممە لەبەردەم زیندانی ناوەندیی ورمێ كۆبوونەوەیەكی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و داوایان كردبوو كە ئەنجامی دادگەی پێداچوونەوە و دیوانی دادگای باڵایان بۆ روون بكەنەوە كە هیچكام لە بەرپرسانی زیندان ئامادەی وەڵامدانەوە بە داخوازییەكانیان نەبوون و تەنانەت سووکایەتییان پێکردوون و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێیان دراوە.
هاوكات رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش دوێنێ سێشەممە بە بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەك داوای لە ئێران كردبوو كە دەستبەجێ سزای سێدارەی بێهرووز ئالخانی رابگیرێت.
بێهرووز ئالخانی و كوڕی فارس و لەدایكبووی 1985 و خەڵكی شاری “سەڵماس”ی سەر بە پارێزگای ورمێ سەرەتای ساڵی 2009 بەدەستی هێزە ئەمنییەكانی حكوومەتی ئێران لە شاری سەڵماس دەستگیر كرا و بۆ ماوەی 19 مانگ لە گرتنگەی ئەمنیی و ئیتلاعاتی ورمێ ئازار و ئەشكەنجە كراوە.
هەر هەمان ساڵ 14 كەسی دیكە لە شاری سەڵماس بە تۆمەتی هاوكاری و پەیوەندی لەگەڵ “پارتی یانی ئازادی كوردستان” (پژاك) دەستگیر كران كە بێهرووز ئالخانی پاش چەند مانگ بە تۆمەتی بەشداری لە كوشتنی دادوەری گشتیی شاری خۆی لەلایەن لقی یەكەمی دادگەی ورمێوە سزای سێدارەی بۆ بڕایەوە.
هەروەها لە دۆسیەیەكی دیكەدا بە تۆمەتی هڵگرتنی چەك سزای 10 ساڵ بەندكرانی بۆ بڕابووەوە، ئەمە لە حاڵێك دایە كە بە گوتەی براكەی “لەكاتی گرتنیدا هیچ چەشنە چەكوچۆڵێكی پێوە نەگیراوە و تەنیا بۆ ئەوەی بەڵگەی پێویستیان بۆ سەلماندنی بەشداری لە كوشتنی دادوەری گشتیی خۆی پێ نەبووە، ئەو تۆمەتیان بۆ داتاشیوە.”
بەپێی سەرچاوەكانی مافی مرۆڤی ئێران لە ماوەی 25 رۆژی بەرێدا لە ئێران زیاتر لە 80 بەندكراو لە زیندانەكان لەسێدارە دراون كە 6 كەسیان كورد بوون.
باسنیوز
