جەنەڕاڵێکی ئەمریکی: داعش گازی خەردەلی دەستکەوتووە
مارک هیرتلینگ، شیکەرەوەی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکان و جەنەڕاڵی پێشووی ئەمریکایە، لە جەنگی ئازادکردنی عێراقدا بەشداربووە، لەبارەی بەکارهێنانی گازی خەردەل لەلایەن رێکخراوی تیرۆرستیی داعشەوە بە سەرچاوەی ناوبراوی راگەیاند: " لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایانکردووە کە رێکخراوە تیرۆرستییەکە لە رووبەڕووبوونەوەی هێزە کوردییەکاندا، گازی خەردەلی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە."
وتیشی " چەندجارێک لە پرۆسەی ئازادکردنی عێراقدا خزمەتی سەربازیم کردووە و لەو ماوەیەشدا هێزەکانی ئەمریکا دەستیانگرتووە بەسەر چەندین کۆگا و گەنجینەی نهێنی ئەو جۆرە گازەدا، ئەگەر لە ئێستادا کەسانێک هەبن پێشتر پەیوەندییان بە حزبی بەعسی عیراقییەوە هەبووبێت و لەماوەی رابردوودا چووبنە ناو رێکخراوە تیرۆریستییەکەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە شوێنی کۆگا نهێنییەکانی دیکەی حزبەکە زۆر بەباشی دەزانن، چونکە مارێنزە ئەمریکییەکان نەیانتوانییوە شوێنی تەواوی ئەو کۆگایانە ئاشکرابکەن و لەناویانبەرن."
ناوبراو لە وتەکانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت: " پێموایە ئەوەی ئێستا روودەدات، بەکارهێنانی چەکەکانی ئەو کاتە بێت، کە لە کۆگا زۆر نهێنی و تایبەتەکانی حزبی بەعسی عیراقدا شاردرابوونەوە، چونکە بەشێک لەو چەکانەی ئەو کاتە، رێژەیەکی زۆر گازی خەردەلیان تێدابوو، هەربۆیە بەکارهێنانی گازی خەردەل لەلایەن داعشەوە بۆ من، نوێ نییە"
خەندان
