وەزیرانی دوو لایەن لە دانیشتنی حكومەتی لوبنان کشانەوە

 وەزیرانی دوو لایەن لە دانیشتنی حكومەتی لوبنان کشانەوە
وەزیرانی حیزبوڵڵا و رەوتی نیشتمانی لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی لوبنان کشانەوە. لە دانیشتنی ئەمڕۆ سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی لوبنان، وەزیرانی حیزبوڵڵای حەسەن نەسروڵڵا و رەوتی نیشتمانی سەربەخۆ لە دانیشتنەکە کشانەوە.

رۆژی دووشەممە 23ی ئابی 2015، تەمام سەلامە، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، لەبارەی رەوشی وڵاتەکەی گوتارێکی پێشکەشکرد و لەگوتارەکەیدا رایگەیاند:" دانیشتنی پێنجشەممەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران یەکلاکەرەوە دەبێت".

سەلامە هۆشداریدا کە " لوبنان بە بارودۆخێکی دژووار تێدەپەڕێت". گوتیشی" بارودۆخەکە ئەقڵ و مەنتقی تێپەڕاندووە و لوبنان لەوە زیاتر بەرگەناگرێت، بەرپرسیاریەتی دۆخەکەش لەئەستۆی هەموو لایەکدایە".

رۆژی شەممە 22-8-2015 ، بە هەزاران کەس لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، لە دژی گەندەڵی و شکستی حکومەت لە دزۆینەوەی چارەسەرییەک بۆ قەیرانی وڵات و کێشەی زبڵ و خاشاک لە وڵاتەکەیان، خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا و گرژی و ئاڵۆزیی کەوتەوە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران، بەو هۆیەش سەدان برینداری لێكەوتەوە.














رووداو
Top