دەمیرتاش: لە حکوومەتی کاتیدا بەشداری دەکەین

 دەمیرتاش: لە حکوومەتی کاتیدا بەشداری دەکەین
هاوسەرۆکی پارتیی دیمۆکراتی گەلان(هەدەپە) ئەمڕۆ سێشەممە، بەشداریکردنیانی لە حکوومەتی کاتیی تورکیا ڕاگەیاند و، هۆشداریشی دا لە ئەگەری بەشداریپێنەکردنیان.

سەرۆککۆماری وترکای(ڕەجەب تەییب ئەردۆغان) دوێنی ئێوارە هەڵبژاردنی پێشوەختەی لە وڵاتەکەی راگەیاند؛ ئەمەیش پاش تەواوبوونی وادەی یاسایی کە دوو مانگ لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێ لە تورکیا و شکستی هەوڵەکانی (ئەحمەد داوودئۆغڵو)ـیە.
چاوەڕوان دەکرێ هەر ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆککۆمار لەگەڵ (داوودئۆغڵو)دا کۆ ببێتەوە و بەر لە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن کە بە یەکی نۆڤەمبەر دەستنیشان کراوە، بۆ پێکهێنانی حکوومەتی کاتی ڕایبسپێرێ.


(سەڵاحەددین دەمیرتاش) لە ئانکارا بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، بێجگە لە سەرکردەی حزبەکان کە دەبێ خۆیان بۆ هەڵبژاردن ئامادە بکەن، نوێنەرانی حزبەکەی شیاوی ئەوەن پۆستی وزاری وەربگرن؛ هۆشداریشی دا لەوەی حزبەکەی لە پێکهێنانی حکوومەتی کاتیدا دوور بخرێتەوە.
هاوسەرۆکی هەدەپە زیاتر گوتی، لە پێڕۆکردنی مافی دەستووری و بەشداریکردن لە حکوومەتدا دوودڵ نین؛ بەڵام پێشبینیی ململانێیشی کرد بۆ ئەو مەبەستە.
هەروەها گوتی، پرسێکی کتوپڕ نابێ بۆیان کە بێت و دەستوور پێشێل بکرێ و بێ هەدەپە حکوومەت پێک بهێنن. هەڵبەت دادگای دەستوورییش وەها هەوڵیک ڕەت دەکاتەوە.
دەستووری تورکیا بە پێویستی زانیوە، لە پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی هەڵبژاردندا و لەسەر بنەمای کورسیی پەرلەمانی، کۆی حزبەکان بەشدار ببن.
بەڵام ئەمە ئەزموونێکی نوێیە بۆ تورکیا؛ پارتی گەلی کۆماری بە کردەوە ئۆپۆزسیۆن و، هەروەها بزووتنەوەی نەتەوەیی ڕاستڕۆ ڕایانگەیاندووە کە لەو حکوومەتەدا بەشداری ناکەن.
Top