لە 24 كاژێردا 20 هێرش كراونەتە سەر داعش
یەکەی ئۆپەراسیۆنی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند " لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان 20 هێرشیان کردوونەتە سەر بنکە و بارەگاکانی داعش لە كوردستان و عێراق و سووریا، هاوکات داعش زیانی گیانی و ماددی زۆری هەبووە".
بەپێی بەیاننامەکەی هاوپەیمانان، فڕۆکەکان 12 هێرشیان لە عێراق کردوونەتە سەر بنکە و بارەگاکانی داعش لە نزیک رومادی و موسڵ و بێجی، بەو هۆیەوە یەکەی تاکتیکی شەڕی داعش لە موسڵ و رومادی تێکشکێندراون و هاوکات دەیان ئۆتۆمبێلیشیان سووتێندراون.
هەروەها لە رۆژئاوای كوردستان و سووریاش فڕۆكەكانی هاوپەیمانان 8 هێرشیان کردوونەتە سەر بنەکانی داعش لە نزیک حەسەکە و کۆبانێ و حەلەب و دەوروبەری، بەو هۆیەشەوە داعش زیانی گیانی و ماددی هەبووە، جگە لە وێرانکردنی 3 بنکەی رێکخراوەکە لە حەلەب.
هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دوای نزیكبوونەوەی داعش لە هەولێر دەستیانپێكرد . دوای گرتنی شارۆچكەی مەخموور لەلایەن داعش و نزیكبوونەوەی لە هەولێر ، باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەمریكا، شەوی 7ی ئابی 2014 لە وتارێكدا جەختیكردەوە كە هەولێر بەلای ئەوانەوە هێڵی سوورە و رایگەیاند، كە هێزی ئاسمانیی ئەمریكا بەشداردەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا ، ئەوەبوو رۆژی 18ی ئاب یەكەمین هێرشی ئاسمانیی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دژی داعش بە لێدانی چەكدارانی داعش لە مەخموور دەستیپێكرد.
رووداو
