ئەمریکا 8 هەزار پەنابەری سووری وەردەگرێت

 ئەمریکا 8 هەزار پەنابەری سووری وەردەگرێت
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێ، كە 15 هەزار سووری داوای مافی پەنابەرێتییان لەو وڵاتە كردووە، بۆ ساڵی 2016 ەش لە بەرنامەیان دایە تەنها 8 هەزار پەنابەری سووری وەربگرن.

جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند " ئیدارەی ئەمریکا بڕیاریداوە بۆ ساڵی 2016 پێشوازی لە 5 بۆ 8 هەزار پەنابەری سووری بکات و مافی پەنابەرییان پێبدات بۆئەوەی لە ئەمریکا ژیان بەسەرببەن".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی " ئیدارەی ئەمریکا نزیکەی 15 هەزار داواکاری لەلایەن خەڵکی سووریاوە پێگەیشتووە، کە تێیدا داوای مافی پەنابەرێتی لە ئەمریکا دەکەن، بەڵام ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ وەرگرتنی 8 هەزار پەنابەر".

بەگوێرەی زانیارییەکانی جۆن کێربی، مانگی رابردوو دۆسیەی داواکاری مافی پەنابەرێتی 15 هەزار سوورییان لەڕێگەی کۆمسیۆنی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان پێ گەیشتوون، لەو ژمارەیەشدا 8 هەزار پەنابەر یەکلایی دەکرێنەوە.

مانگی رابردوو، نەنتۆنیۆ گۆتێرس، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، 4 ملیۆن سووری بەهۆی شەڕ و ناسەقامگیری ئەمنی وڵاتەکەیان جێهێشتووە و بەرەو وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و ئەوروپا کۆچیان کردووە.










رووداو
Top