ئێران.. لە 20 ڕۆژدا، 75 كەس لەسێدارە دراوە

ئێران.. لە 20 ڕۆژدا، 75 كەس لەسێدارە دراوە
لە ماوەی”20 ڕۆژی” مانگی ئاگوستی 2015 دا، لە بەندیخانەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران 75 كەس بە تاوانی جۆراوجۆر لەسێدارە دراون و لەو پێوەندییەدا حوكمی سێدارە بۆ 10 كەسی دیكەش دەرچووە.

بەپێی هەواڵ و زانیاریی ماڵپەرەکانی مافی مرۆڤ، لەكۆی گشتیی ئەو 75 كەسە كە لەسێدارە دراون 5 كەسیان كورد بوون و دوو کەسیشیان ژن بوون.

ئەو 75 كەسە بە تاوانی بازرگانی بەمادە هۆشبەرەكان، كوشتنی بە ئەنقەست، دەستدرێژی و دزی، حوكمی سێدارە لەسەریان جێبەجێ كراوە. زۆر جار لەنێو ئێعدام كراوەكانیشدا چالاكی مەزهەبی هەیە، بەڵام حكوومەتی ئێران تاوانەكەیان مادە هۆشبەرەكان ڕادەگەیەنێ.

سەرجەمی ئەو بەندكراوانە لە بەندیخانەكانی شارەكانی خوراسان، ورمێ، قوم، كاشان، بەندەر عەباس، مەشەهەد، شیراز، كەرەج، قەزوین، كرمان و زاهیدان لەسێدارە دراون.

تەنیا لە گرتووخانەی دەریای ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان 14 كەس لە ماوەی مانگی ئابدا لەسێدارە دراون.

تەمەنی ئەو ئێعدام‌ كراوانە لە نێوان 20 هەتا 50 ساڵدا بووە و زۆربەی لەسێدارەدراوەكان تاوانیان بازرگانی بە مادە هۆشبەرەكان ڕاگەیەندراوە.

هەر لەماوەی چەند ڕۆژی رابردوودا 10 كەسی دیكە بە مەبەستی لەسێدارەدان بۆ ژوورە تاكەكەسییەكانی بەندیخانەی كرمان و بەندەرعەباس ڕاگوێزراون.






باسنیوز
Top