دوای چوار ساڵ، بەریتانیا باڵیۆزخانەکەی لە تاران کردەوە

دوای چوار ساڵ، بەریتانیا باڵیۆزخانەکەی لە تاران کردەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە وەکو هەنگاوێک بۆ بەرەوپێشەوە بردن پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران، بەریتانیا باڵیۆزخانەی خۆی لەو وڵاتە کردەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە باڵیۆزخانەی ئێرانیش لە شاری لەندەن بە فەرمی کرایەوە.

بە گوێرەی هەواڵی ماڵپەڕی "ئۆرشەلیم پۆست" لە سەر زاری ئاژانسی "رۆیتەرز"، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا "فیلیپ هامۆند" رایگەیاندووە، باڵیۆوخانەی بەریتانیا لە تاران کراوەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە چوار ساڵ لەمەوبەر بینای باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە تاران لە لایەن گروپێکی خۆپێشاندەر بەردباران کرا و دواتر گرژی کەوتە نێوان هەر دوو وڵات.

کردنەوەی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە تاران بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە وەکو هەنگاوێکی گرنگ لە پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی ئێران و بەریتانیا هەژمار دەکرێت.

دوای رێککەوتننامەی ئەتۆمی نێوان ئێران و گروپی 5+1، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هیوای خواستبوو کە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە ئێران بکرێتەوە. "هامۆند"ی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەگەڵ شاندێکی بازەرگانی سەردانی ئێرانی کردبوو.

بڕیار وایە تا ئەو کاتەی کە باڵیۆزی بەریتانیا دەستنیشان دەکرێت، "ئاجەی شارما" کاروباری ئەو باڵیۆزخانەیە لە تاران رابپەڕێنێت.

نزیکەی چوار ساڵ لەمەوبەر لە ئاکامی دانانی گەمارۆ لە لایەن لەندەن دژ بە ئێران، خۆپێشاندەرانی نارازی لە تاران هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی بەریتانیا و سەرەڕای بەردەبارانی کردنی ئەو باڵیۆزخانەیە، ئاڵای بەریتانیایان سوتاند. بەریتانیاش کە رایگەیاندبوو، بەردبارانکردنی ئەو باڵیۆزخانەیە بە پێی رەزامەندی بەرپرسانی حکومی بووە، وەکو دژ کردەوە باڵیۆزخانەی تاران لە لەندەنی داخست و دیپلۆماتەکانی ئەو باڵیۆزخانەیەی دەرکرد.
Top