ئەمریکا ئیدانەی کوشتنی شوێنەوارناسە سوورییەکە دەکات

 ئەمریکا ئیدانەی کوشتنی شوێنەوارناسە سوورییەکە دەکات
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیدانەی کوشتنی خالید ئەلئەسعەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری شاری تەدمووری سووریا دەکات.

جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند " ئەمریکا بە تووندی ئیدانەی تاوانی کووشتنی کەسێک دەکات کە ژیانی خۆی لەسەر پاراستنی گەنجینەی رۆشنبیری سووریا داناوە ".

هاوکات کوشتنەکەشی بە " تاوانێکی وەحشیانە و ترسناک" وەسفکردووە. راشیگەیاند داعش چەندین ناوچەی شوێنەواری لە سووریا و عێراق دزیوە و وێرانی کردووە کە هەزاران ساڵە پارێزراون.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات لە عێراق، سووریا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگە لە سەرچاوەی دارایی بگرێت بۆ داعش، ئەمەش لە رێگەی رێگرییکردن لە قاچاخچییەتیکردن و فرۆشتنی پارچە شوێنەوارە دزراوەکان.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە ١٨ ی ئابی ٢٠١٥، داعش لە شاری مێژوویی تەدموور لە سووریا بەبەر چاوی خەڵکەوە خالید ئەلئەسعەد، شوێنەوارناسی سووریایان سەربڕی. دواتر تەرمەکەیان بە سەربڕاوی لەمەیدانی شارەکە هەڵواسی، بۆئەوەی خەڵکی شارەکە بترسێنن.

خالید ئەسعەد تەمەنی ٨٢ ساڵ بوو، ماوەی ٥٠ ساڵ سەرۆکی شوێنەواری مێژوویی تەدمووری بوو، کە سەر بە رێکخراوی شوێنەوارەکانی جیهان بوو.

دوای ئەوەی شاری تەدموور لەمانگی نیسانی رابردوو کەوتە ژێردەستی داعش، بەشێکی زۆری شوێنەوارەکانی ئەو شارە لەلایەن داعش وێرانکراون.

خالید ئەسعەد یەکێک بووە لە لیکۆڵەرە شارەزاکانی شوێنەواریی ئەمریکا، فەرەنسا ، ئەڵمانیا و چەند ساڵ لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەبواری شوێنەواری کاری کردووە.










رووداو
Top