ئەمەریکا یاسای نوێی دژە تیرۆری میسری ئیدانە دەکات
بە گوێرەی ھەواڵی ئەلعەرەبیە، "عەبدولفەتاح ئەلسیسی" سەرۆک کۆماری میسر رۆژی یەکشەممەی رابردوو یاسای نوێی ئەو ولاتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری واژۆ کرد. لە روانگەی رەخنەگران، ئەو یاسایە دەسەڵاتێکی بەرچاوی بە حکومەتی ئەو وڵاتە داوە بۆ زیادکردنی چاودێرییەکان و رەخنەگرانی حکومەتی کردۆتە ئامانج.
چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئەو وڵاتە "سیسی"یان بەوە تۆمەتبار کردووە کە سەرکردایەتی حکومەتێکی سەرکوتکەر دەکات.
"جۆن کێربی" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەوبارەوە گوتویەتی: "ئیمە نیگەرانین بەرامبەر بەوەی کە ھەندێک پێوەر لە یاسای نوێی دژە تیرۆری میسر دەتوانێت کاریگەرییەکی نەرێنی لە سەر مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەرەتییەکان ھەبێت". بەڵام "کێربی" جەختیشی لەوە کردۆتەوە کە واشنتۆن لە شەڕی دژی تیرۆر پشتگیری میسر دەکات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتەکانی "جۆن کێری" وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاشی بە بیر ھێناوە کە لە گفتوگۆیەکی ستراتیجیک لە قاھێرە لە سەرەتاکانی ئەو مانگە ئاماژە بە دۆزینەوەی باڵانسێک لە نێوان بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دابوو.
"کێربی" گوتیشی: "زاڵ بوون بە سەر تیرۆریزم پێویستی بە ستراتیجییەکی درێژخایەن و گشتگیر ھەیە کە متمانە لە نێوان بەرپرسان و خەڵک دروست بکات، بە شیوەیەک کە ئەوانەی کە بەرامبەر بە سیاسەتەکانی حکومەت رازی نین، ئازاد بن لە دەربڕینی رەخنەکانیان بە شیوەیەکی ئاشتیانە و بەشداری کردنیان لە پرۆسەی سیاسی".
دانانی یاسای نوێی دژە تیرۆر دوای ئەوە دێت کە ماوەیەکە چەکدارانی پارێزگای "سینای" کە لە داعش نزیکن دەستیان پێکردووە بە ھێرش کردن بۆ سەر ھێزی سەربازی و پۆلیسی ئەو وڵاتە.
