400 سەرنشینی کەشتییە نقومبووەکەی دەریای ناوەڕاست رزگارکران

 400 سەرنشینی کەشتییە نقومبووەکەی دەریای ناوەڕاست رزگارکران
ئێوارەی دوێنێ5-ی ئاب کەشتیەک کە هەڵگری 700 کۆچبەر بوو، لە 28 کیلۆمەتریی کەناراوەکانی لیبیا لە دەریای ناوەڕاستدا وەرگەڕا و نوقم بوو.

بە گوتەی هێزی گاردی کەنارەکانی ئیتاڵیا، نزیکی 400 سەرنشینی کەشتییەکە رزگارکراون، تائێستا 25 تەرم دۆزراونەتەوە و زیاتر لە 200 کۆچبەر هێشتا بێسەروشوێنن.

مێلیسا فلێمینگ، بەرپرسی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ "وا دیارە لە کەشتییەکەوە هێمای داوای یارمەتی نێردراوە و تەلەفۆنیشیان کردووە".

مێلیسا فلمینگ گوتی: "کەشتییەکە 15 میل لە کەناراوە لیبییەکانەوە دوور بووە و دیارە لە سەرەتای سەفەرەکەیاندا بوونە. ئەوان کاتێک بەلەمی فریاکەوتن دەبینن، دەترسن و هەموویان لە لایەکی کەشتییەکەدا کۆدەبنەوە و کەشتییەکە بەشێوەیەکی کارەساتبار وەردەگەڕێت".

12 ژن و منداڵێکی ساوای نەخۆش و13 منداڵی دیکەش لەنێوان رزگاربووەکاندان.

چەندین کەشتی و هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێ فرۆکەوان، هەڵمەتی گەڕان بۆ قوربانییەکانیان دەست پێکردووە.

لە مانگەکانی ئەم دواییەدا ئەمە گەورەترین رووداوی نوقمبوونی کەشتی کۆچبەرانە. رێکخراوەی جیهانیی کۆچبەران رایگەیاندووە کە لە سەرەتای ساڵی 2015 وە جگە لە قوربانییەکانی رووداوەکەی دوێنێ، 2 هەزار کۆچبەر بەهۆی نوقمبوونی کەشتی لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەست داوە.














رووداو
Top