هەواڵگری ئەمریکا کۆنگرێس لە هەوڵێکی ئێران ئاگادار دەکاتەوە

 هەواڵگری ئەمریکا کۆنگرێس لە هەوڵێکی ئێران ئاگادار دەکاتەوە
ئەنجوومەنی هەواڵگریی ئەمریکا زانیاری سەبارەت بە هەوڵەکانی ئێران بە کۆنگرێس داوە، کە حکومەتی ئێران سەرقاڵی لابردنی هەموو ماددەیەک و شاردنەوەی دۆکیومێنتی زانیارییە هەستیارییەکانە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە بنکە سەربازییەکاندا، پێش ئەوەی پشکنەرانی نێودەوڵەتی سەردانی ئەو شوێنانە بکەن.

راپۆرتە هەواڵییەکان ئاشکرایان کردووە، کە کۆنگرێس بەڵگە و زانیاری تەواوی سەبارەت بەو پرسە پێگەیشتووە و، ئەو زانیارییانەش ئاماژە بەوە دەکەن، ئێران لە بنکە سەربازییە ئەتۆمییەکاندا هەوڵی شاردنەوەی هەموو ئەو ئاماژە و زانیارییانە دەدات، کە پەیوەندییان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە هەیە، ئەمەش لەمپەر دەخاتە بەردەم پشکنەران تا بتوانن زانیاری تەواو لەبارەی هەنگاوەکانی ئێران بۆ بەردەوامی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەک، ئاشکرا بکەن، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە ئەوان ئاگاداری هیچ راپۆرتێکی لەو جۆرە نین و کۆنگرێس وەزارەتی دەرەوەی لە بابەتێکی لەو جۆرە ئاگادار نەکردووەتەوە.

راپۆرتی دەستەی هەواڵگری لە کۆنگرێس باسی لەوە کردووە لە بنکەی سەربازی ئەتۆمی پارچین لە باشووری خۆرهەڵاتی تاران، ئێران دەستیکردووە بە لابردن و شاردنەوەی هەموو ئەو ماددانەی پەیوەندییان بە بەرنامەی ئەتۆمییەوە هەیە، تەنانەت بەڵگەنامەکانیش لەو شوێنە دەگوازێتەوە، بەگوێرەی ئەو راپۆرتە ئێران هەر لەیەکەم رۆژی دوای گەییشتن بە رێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤیەننا، دەستی بەو پرۆسەیە کردووە.

رۆژی دووشەممە 13-7-2015 وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی 5+1 و شاندی دانوستاندکاری ئێرانی بە سەرۆکایەتی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ڤیەننا کۆبوونەوە و رێککەوتنی ئەتۆمییان واژۆکرد.

بەپێی رێککەوتنەکەی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 ئەگەر ئێران پابەندنەبێت بەو رێککەوتنە، گەمارۆ ئابوورییەکان لەماوەی 65 رۆژدا جارێکی دیکە دەکەوێتە بواری جێبەجیکردنەوە.

بەپێی رێککەوتنەکە گەمارۆی پێدانی چەک بە ئێران بۆ ماوەی پێنج ساڵ و گەمارۆی مووشەکی ئێران بۆ ماوەی هەشت ساڵ بەردەوام دەبێت.











رووداو
Top