گەمارۆی كرینی فڕۆكە لەسەر ئێران هەڵگیرا
“حەمید بەعیدی نژاد” كە ھاوكات یەكێك لە ئەندامەكانی تیمی دانوستانە ناوكییەكانی ئێران بوو، گوتووشیەتی: ئەو بابەتە لە سەرەتاوە بەلای وەفدی ئێرانەوە گرنگ بوو.
بەعیدی نەژاد دەشڵێ ئەمریكییەكان بەردەوام بە ئێمەیان دەگووت نابێ چاوەڕوانیمان لێیان ھەبێ گەمارۆی فرۆشتنی فڕۆكە بە ئێران ھەڵوەشێننەوە، لە كاتێكدا كە ئەو گەمارۆیە پەیوەندیی بە چالاكیی ناوكییەوە نەبوو، بەڵام جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنەكەی جنێف بەڵێنی پێداین گفتگۆ لەسەر ئەو بابەتە دەكەن و لە وتووێژەكانیشیاندا بەڵێنی دابوو ئەو پرسە لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەكەی دەخاتە بەرباس.
بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە لە دوای بەدواداچوونەكانی ئێران بۆ ئەم پرسە، ئێستە كێشەكە چارەسەر بووە.
كۆمپانیا فڕۆكەوانییەكانی ئێران ساڵانێكی زۆرە بەھۆی گەمارۆكانی ئەمریكا بۆیان نییە راستەخۆ دانوستان لەگەڵ بۆئینگ و جەنەرال ئەلەكتریك بكات.
بەرپرسانی ئێران پێشتر گوتبوویان دەیانھەوێ 250 بۆ 400 فڕۆكەی گەشتیاریی نوێ بكڕن.
شایانی باسە ئەوانە فرۆكەی مەدەنین و گەمارۆكان بۆ سەر فرۆكەی سەربازی ئێران ھەر بەردەوامن.
باسنيوز
