سعوودیا بۆ ئێران : رق و قینەتان هەیە بەرامبەر بە دراوسێكانتان

سعوودیا بۆ ئێران : رق و قینەتان هەیە بەرامبەر بە دراوسێكانتان
وەزیری دەرەوەی سعوودیا لە دیدارێكی لەگەڵ “فدریكا موگرینی” لێپرسراوی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپا” بە توندی رەخنەی لە بەیاننامە توندئاژۆكانی ئێران لە بەرانبەر هەندێ‌ وڵاتانی ناوچەدا گرت.

ئەم گوتانەی “عادل جەبیر” بەرلە هەموو شتێك نیشانەی شەڕێكی زارەكییە كەلە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا پاش گوتەكانی خامنەیی لە نێوان ئێران و وڵاتی بەحرەیندا رووی داوە.

وەزیری دەرەوەی سعوودیا لە پەیوەندی لەگەڵ ئیدانە كردنی لێدوانەكانی بەرپرسانی باڵای ئێران لەبارەی بەحرەین گوتی: “ئەمە نیشانەی “رق و قین”ێكە كە كۆماری ئیسلامی لە دراوسێیەكانی هەیەتی.”

عادل جەبیر كەلە كۆنفرانسێكی هاوبەشی رۆژنامەنووسی لەگەڵ مۆرگینی لە ریاز قسەی دەكرد باسی لەوەش كردووە :”ئەم گوتانە نیەتی وڵاتێك نییە كە خوازیاری دراوسێتی بێت، بەڵكوو دەربڕی بەرزەفڕیییەكە كە ئەم وڵاتە لە ناوچەكە دەیكات و دیارە دەستی داوەتە هەندێ‌ كاری مەترسیدار.”

وڵاتی بەحرەین رۆژی شەممەی پێشوو پاش ئەو لێدوانە توندانەی بەرپرسانی ئێرانی بە نیشانەی ناڕەزایەتی باڵیۆزی خۆی لە تاران كشاندەوە.

ئەم هوڵەی بەحرەین دوای ئەوە هاتە ئاراوە كە وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین دوو كەسیان بە تۆمەتی “پەیوەندی لەگەڵ ئێران” و هەوڵدان بۆ قاچاخی چەكوچۆڵ و مادەی تەقینەوە بۆ ناو بەحرەین دەستبەسەر كرد.

بە گوتەی وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین پاش دەستبەسەر كردنی ئەو دوو كەسە كە یەكیان خولی بەكارهێنانی مادە تەقینەوەكانی لە ئێران بینیوە، 44 كیلۆگرەم مادەی تەقینەوە لە جۆری C4 8 قەزە چەكی كڵاشینكۆف، و 32 مەخزەن گوللەیان پێوە گرتوون.


لە بەرانبەردا محەمەدجەواد زەریف رۆژی یەكشەممە لە سەردانەكەی لە كوێت ئەم ئیدیعایانەی بەحرەینی بە بێ‌ بنەما وەسف كرد و بە هەوڵێك بۆ پێشگیری لە باشتر كردنەوەی پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی لەقەڵەمی دا.

زەریف لە قسەكانیدا ئاماژەی بەوەش كرد كە هەندێ‌ لە وڵاتان خوازیاری مشتومڕ و هەڵگیرسانی شەڕن لە ناوچەكە.

عادل جەبیر لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا لەبارەی هەوڵ و لێدوانەكانی ئێران نیگەرانیی دەربڕیوە و ئەو هەڵوێستانەی ئێرانی بە “قەبووڵ نەكراو و ناپەسەند” وەسف كردووە و رایگەیاندووە ئەم پرسانەی لەگەڵ یەكێتیی ئەورووپا خستووەتە بەرباس.

سعوودیا و هاوپەیمانەكانی لە شورای هاوكاریی وڵاتانی كەنداو نیگەرانی ئەوەن كە رێككەوتنی ناوكیی ئێران و ولاتانی پێنج كۆ یەك، ئەوە دەرەتانە بە ئێران دەدات كە یارمەتیی زیاتری گرووپە توندڕەوەكانی ناوچەكە بكات.

گرژی و ئاڵۆزیی نێوان ئێران و بەحرەین پاش ئەو لێدوانانەی عەلی خامنەیی رێبەری كۆرماری ئیسلامیی ئێران پێیان نایە قۆناغێكی نوێوە.

خامنەیی رۆژی هەینیی پێشوو لە لێدوانێكدا رایگەیاند: “ئێران لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا پشتیوانی لە نەتەوە و گەلانی زوڵم لێكراوی وەك یەمەن، بەحرەین و فەلەستین دەكات و هەتا ئەو ئاستەی بۆمان بكرێت پشتگیری لە ستەملێكراو دەكەین و بەرەنگاری زاڵمیش دەبینەوە.”








باسنیوز
Top