دانووستاندنەکانی ئێران و وڵاتانی 5+1 درێژکرایەوە

 دانووستاندنەکانی ئێران و وڵاتانی 5+1 درێژکرایەوە
بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا، فێدریکا مۆگیرینی لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێران ئاشکرای کرد:" ئێران و گرووپی وڵاتانی 5+1 بۆ ماوەی چەند رۆژێکی دیکەش لەسەر مێزی دانووستاندنە ئەتۆمییەکان دەمێننەوە".

بۆ ماوەی زیاتر لە 10 رۆژ دەچێت ئێران و وڵاتانی زلهێز لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا سەرقاڵی مشتومڕی بێوچانن، بەمەستی گەیشتن بە رێککەوتنێک سەبارەت بە گۆڕینی ئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، کە بە گوێرەی وڵاتانی رۆژئاوایی هەڵگری ناوەڕۆکێکی سەربازییە، لە بەرامبەریشدا رۆژئاوا و نەتەوە یەکگرتووەکان میکانیزمێک بۆ لادانی سزاکانی سەر ئەم وڵاتە دابنێن.

مۆگیرینی هەروەها ئاماژەی بەوەشدا وەزیرانی دەرەوەی هەندێک لە وڵاتان شوێنی دانووستاندنە ئەتۆمیەکان جێدەهێڵن، بەڵام دواتر دەگەڕێنەوە.

فێدریکا موگیرینی، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند:" ئێمە گفتوگۆکانمان لە بەرزترین ئاستی سیاسیدا دەست پێکردووە، بۆ ئەوەی دوایین و قورسترین بابەتە سیاسییەکان چارەسەر بکەین".

بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا هەروەها رایگەیاند:" ئێمە دەمانزانی دانووستاندنەکان قورس و سەخت دەبن، لە هەندێک شتدا گیردەکەین، بەڵام لە هەندێک بابەتی دەیکەدابەرەوپێشدەچین و بۆ چەند رۆژێکی دیکە درێژە بە دانووستاندنەکان دەدەین".

فێدریکا موگیرینی گوتیشی:" ئێمە کەم تا زۆر لەگەڵ بابەتی دوا وادەی دانووستاندنەکاندا بە نەرمی مامەڵە دەکەین، واتە سوود لە کات و رۆژەکان دەبینین بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە تەواوبکەین، کە شتێکی مومکینە، ئەگەرچی کەوتووینەتە ناو ساتەوەختێکی زۆر قورسی دانووستانەکانەوە".








رووداو
Top