وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه نزیكه‌ی 2000 نامه‌ی كلینتۆنی بڵاوكرده‌وه
مێژوی ئه‌و نامانه كه ژماره‌یان 1925 نامه‌یه‌و له‌هه‌ر زانیارییه‌كی گرنگ و نهێنی بژاركراون، بۆ ئازار‌و كانونی دووه‌می ساڵی 2009 واته مانگه‌كانی یه‌كه‌می ده‌ستبه‌كاربونی كلینتۆن وه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه.
به‌بڕوای چاودێران ئه‌م نامانه ده‌بنه جێگه‌ی لێكۆڵینه‌وه له‌لایه‌ن ركه‌به‌ره‌كانی هیلاری كلینتۆن كه كاندیدێكی دیموكراته‌كانه بۆ هه‌ڵبژاردنه سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی داهاتووی ئه‌مه‌ریكا.
له‌ئازاری رابردوو پاش ئه‌وه‌ی كلینتۆن دانی به‌وه‌دا نا كه له‌ئاڕاسته‌كردنی نامه له‌كاتی ئه‌ركه ره‌سمییه‌كانیدا له‌ساڵی 2009 تا 2013، شێوازێكی كه‌سی و تایبه‌تی په‌یڕه‌وكردووه، مشتومڕێكی سیاسیی زۆر له‌سه‌ر نامه‌كانی دروستبووه.
پێشتر وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه نیازی خۆی راگه‌یاندبوو كه سه‌رجه‌م نامه‌كانی كلینتۆن پاش بژاردكردنیان، له‌ڕێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه بڵاوده‌كاته‌وه، ئه‌مه‌ش به بۆچونی چاودێران هیوای كلینتۆن بوو كه هه‌میشه بانگه‌شه‌ی شه‌فافیه‌ت ده‌كات.
پێشتر وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه رایگه‌یاندبوو كه كلینتۆن لانیكه‌م 15 نامه‌ی ئه‌و كاته‌ی وه‌زیر بووه راده‌ستی وه‌زاره‌ت نه‌كردووه‌و ئه‌مه‌ش وته‌كانی پێشوتری ئه‌و خانمه كه وتبوی ئه‌و نامانه‌ی پێشكه‌شی كردون و ژماره‌یان 30 هه‌زار نامه‌یه ته‌واوی نامه‌كانه، خسته ژێر پرسیاره‌وه.
به‌گوێره‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، تۆماری ئه‌و ئیمه‌یڵانه‌ی هیلاری پێشكهشیكردون ته‌واو نین، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه هات كه به‌رپرسانی باڵای یاسادانانی ئه‌مه‌ریكا لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر ئه‌و هێرشه ده‌ستپێكرد كه له‌ساڵی 2012دا كرایه سه‌ر نێرده‌ی دیبلۆماسی ئه‌مه‌ریكا له‌شاری به‌نغازیی لیبیا.
به‌گوێره‌ی لێكۆڵه‌ران هیلاری ئه‌و ئیمه‌یڵانه‌ی پێشكه‌شی وه‌زاره‌ت نه‌كردووه كه له‌لایه‌ن سیدنی بلومێنتاڵ هاوڕێی كۆن و راوێژكاری ناڕه‌سمیی خۆیه‌وه نێردراوه.
به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه له‌میانه‌ی ئیمهیڵێكدا به ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رزی راگه‌یاند، 15 نامه هه‌ن كه نه‌یان توانیوه هه‌موو ناوه‌رۆكه‌كه‌ی یان به‌شێكی دیاری بكه‌ن. به‌ڵام بابه‌تی ئه‌و 15 نامه‌یه په‌یوه‌ندییان به هێرشه‌كانی 2012ه‌وه نیه.
به‌گوێره‌ی یاسا پێویسته زۆربه‌ی كارمه‌ندانی حكومی ئه‌مه‌ریكا ئیمه‌یڵی حكومی به‌كاربهێنن به‌ڵام هیلاری له‌م رووه‌وه روبه‌ڕوی چه‌ندین ره‌خنه بووه‌ته‌وه چونكه له‌ڕێی به‌كارهێنانی ئیمه‌یڵی تایبه‌تی خۆیه‌وه له‌وكاته‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه بووه، یاساكانی پاراستنی تۆماره‌كان و شه‌فافیه‌تی پێشێل كردووه.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه تری جۆدی ئه‌ندامی كۆماری له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و سه‌رۆكی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی لێكۆڵینه‌وه له‌هێرشه‌كه‌ی به‌نغازی ده‌كات ده‌ڵێت، تۆماره نهتهواوهكهی ئیمه‌یڵه‌كانی كلینتۆن پرسیاری جددی ده‌وروژێنێت.
هیلاری كلینتۆن باشتر بناسه
ناوی ته‌واوی ئه‌م خانمه هیلاری دیان رۆدهام كلینتۆنهو 67 هه‌مین وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بووه.
هیلاری له 26ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1947 له‌نه‌خۆشخانه‌ی ئێدگواتهر له‌شاری شیكاگۆ له‌ویلایه‌تی ئیلینۆس له‌دایكبووه‌و هاوسه‌ری بێڵ كلینتۆنی سه‌رۆكی پێشووتری ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه كه هه‌شت ساڵ سه‌رۆكی وڵات بووه.
هه‌رچه‌نده هیلاری له‌خێزانێكی موحافیزكار له‌دایكبووه به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باوكی هه‌ر له‌منداڵییه‌وه هانیداوه خۆی پێ بگه‌یه‌نێت و گوێ به‌وه نه‌دات كه كچه.
له‌منداڵیدا هیلاری كه‌سێكی چالاك بووه‌و به‌شداری لهپشبڕكێی چه‌ندین وه‌رزشی وه‌ك مه‌له‌كردن و به‌یسبۆڵدا كردووه‌و له‌و بوارانه‌دا چه‌ندین خه‌ڵاتی به‌ده‌ستهێناوه.
له‌ته‌مه‌نی 13 ساڵیدا به‌شداری له‌هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌به‌رژه‌وه‌ندی كاندیدێكی حزبی كۆماری كه یه‌كێكه له‌دوو حزبه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا كردووه. به‌ڵام گۆڕانكاری له‌دیدو بۆچونیدا زیاتر له‌ساڵی 1962ه‌وه ده‌ستیپێكردووه له‌كاتێكدا كه كه‌سایه‌تیی دیاری ئه‌مه‌ریكیی تیرۆركرا‌و مارتن لوته‌ر كینگ-ی بینی، له‌و كاته‌وه ده‌ستی به‌گرنگیدان به‌مافه مه‌ده‌نییه‌كان له‌ئه‌مه‌ریكادا، كردووه.
دواتر له‌كاتێكدا له‌زانكۆی یاڵ سه‌رقاڵی خوێندنی ماف بوو، وازی له‌حزبی كۆمارییه‌كان هێناو چووه ریزه‌كانی حزبی دیموكراتهكانهوهو ماوه‌یه‌كیش وه‌ك راوێژكاری یاسایی هه‌ژاران به‌شێوه‌یه‌كی خۆبه‌خش كاری كردووه‌و له‌ساڵی 1969شدا بڕاوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی له‌ئادابدا به‌ده‌ستهێناوه.
هه‌ر له‌زانكۆ به‌ڵام له‌ساڵی 1971دا هیلاری، بیڵ كلینتۆن-ی ناسی و پێكه‌وه له‌به‌رژوه‌ندی یه‌كێك له‌كاندیده دیموكراته‌كان به‌شدارییان له‌هه‌ڵمه‌تێكی هه‌ڵبژارنی سه‌رۆكایه‌تیدا كرد‌و دواتر‌و له‌ساڵی 1975 ئه‌م دوو كه‌سایه‌تییه چالاكه ژیانی هاوسه‌رییان پێكهێناو ئه‌م ژن و مێرده ته‌نها منداڵێكیان هه‌یه كه كچێكی له‌دایكبووی 27/2/1980ه.
پاش هاوسه‌رگیرییان، هیلاری له‌كاره‌كه‌یدا زیاتر قاڵبویهوه به‌ڵام بێڵ كلینتۆنی هاوسه‌ری وه‌ك حاكمی ویلایه‌تی ئه‌ركه‌نساس له‌ساڵی 1979 هه‌ڵبژێردرا كه به‌شێوه‌یه‌كی نیمچه به‌رده‌اوم تاساڵی 1992 له‌و پۆسته‌دا مایه‌وه.
جگه له‌بواری پیشه‌كه‌ی خۆیدا، هیلاری له‌چه‌ندین بواری تردا كاریكردوووه به‌تایبه‌ت له‌هه‌ردوو بواری ته‌ندروستی و فێركردنداو له‌بواری ژنانیشدا كه‌سێكی چالاكه.
ئهستێرهبونی سیاسیی ئه‌م خانمه له‌كاتێكدا ده‌ركه‌وت كه وه‌ك لێكۆڵه‌ره‌وه‌یه‌ك له‌لێكۆڵینه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی وۆتهرگیت ده‌ركه‌وت كه ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ریچارد نیكسۆنی سه‌رۆكی ئه‌و كاته‌ی ئه‌مه‌ریكا له 1974دا لێكهوتهوه.
له‌ساڵی 2000دا هیلاری وه‌ك سیناتۆر بۆ ویلایه‌تی نیۆرك هه‌ڵبژێردرا به‌مه‌ش بووه یه‌كه‌م سیناتۆری ژن له‌مێژووی ئه‌مه‌ریكادا كه نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و ویلایه‌ته بكات.
له‌ساڵی 1993 بۆ ساڵی 2001ش له‌كاتێكدا خانمی یه‌كه‌می ئه‌مه‌ریكا بوو، هیلاری زۆر به‌توندی پشتگیری له‌مێرده‌كه‌ی ده‌كرد ته‌نانه‌ت له‌كاتی ئابڕوچونی په‌یوه‌ندییه سێكسییه‌كه‌ی كلینتۆن له‌گه‌ڵ مۆنیكا لوینسكیشداو هیلاری له‌و رووه‌وه له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری Talk رایگه‌یاندبوو: هه‌موو خێزانێك كێشه‌ی تێدایه.
هیلاری كلینتۆن یه‌كێك بوو له‌دوو كاندیده دیاره‌كه‌ی دیموكراته‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ هه‌ڵبژاردنه سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی 2008ی ئه‌و وڵاته. له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا كه ركه‌به‌ری ئۆبامای ده‌كرد، هیلاری سه‌باره‌ت به‌جه‌نگی عیراق ده‌یوت: "ئه‌گه‌ر بێت و لهههڵبژارنهكهدا سه‌ربكه‌وم ئه‌وا سه‌رجه‌م سه‌ربازه ئه‌مریكییه‌كان له‌عیراق و ئه‌فغانستان ده‌كێشینه‌وه".
سه‌باره‌ت به‌كێشه‌ی عه‌ره‌ب- ئیسرائیلیش هیلاری پشتگیری ئیسرائیل ده‌كات و رایگه‌یاندبوو: ئه‌گه‌ر ئێران بیر له‌هێرشكردنه سه‌ر ئیسرائیل بكاته‌وه ئه‌وا ئێران له‌سه‌ر نه‌خشه ده‌سڕینه‌وه".
به‌ڵام له‌دوا ساته‌كانی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردندا هیلاری كشانه‌وه‌ی خۆی له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئۆبامای ركه‌به‌ری راگهیاندو له‌كۆنگره‌یه‌كدا به‌ئاشكرا وتی: "باراك ئۆباما سه‌رۆكمانه". به‌وه‌ش ئۆباما بووه كاندیدی دیموكراته‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كه.
له‌مانگی 11ی 2008 باراك ئۆبامای سه‌رۆكی تازه‌هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكا كه 44 هه‌مین سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌یه، به‌ڕه‌سمی هیلاری بۆ پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه ده‌ستنیشانكرد به‌مه‌ش به‌گوێره‌ی چاودێرانی سیاسی، ئه‌و ناكۆكییه‌ی له‌نێوان ئۆباما‌و هیلاریدا له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا دروست ببوو، كۆتاییهات.
هه‌رچه‌نده هیلاری یه‌كێكه له‌به‌هێزترین كاندیده‌كانی دیموكراته‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنه سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی داهاتوو به‌ڵام چاودێران ده‌ڵێن هه‌لی بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی له‌به‌رامبه‌ر كۆمارییه‌كاندا مسۆگه‌ر نیه.
خه‌ندان
