پەرلەمانی توركیا مادەی 35 یاسای خزمەتی سوپای گۆڕی

پەرلەمانی توركیا مادەی 35 یاسای خزمەتی سوپای گۆڕی
31ی‌ ته‌مموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- لە چوارچێوەی هەنگاوەكانی حكوومەتی توركیادا بۆ دیموكراتیزە كردنی ئەو وڵاتە و گۆڕینی یاساكانی سەردەمی دەسەڵاتی سەربازی، سەرەتای ئەم مانگە لە سەر داواكاری حكوومەت، پەرلەمانی توركیا مادەی 35 یاسای خزمەتی سوپای ئەو وڵاتەی گۆڕی.

لەم بارەیەوە دوغان خەبەر ئاژانسیش بڵاوی كردووتەوە كە دوابەدوای گۆڕینی یاسای ژمارە 35ی خزمەتەكانی سوپای توركیا لە لایەن پەرلەمانەوە، بە مەبەستی پەسەند كردنی ئەم گۆڕانكارییانە، پەرلەمان ئەم یاسایەی پێشكەشی سەرۆك كۆماری توركیا عەبدوڵلا گول كردووە و ناوبراویش دوێنێ سێ شەممە لە كۆشكی سەرۆك كۆماری لە ئەنقەرە ئەم گۆڕانكارییانەی پەسەند كردووە.

بە پەسەند كردنی ئەم گۆڕانكارییانە لە مادەی 35ی یاسای خزمەتەكانی سوپای توركیا، زەمینەی یاسایی بۆ كوودەتا كردنی سوپای توركیا بە یەكجارەكی لە نێو یاساكانی توركیادا لە بار براوە و رێگای كوودەتا كردنیش داخراوە.
Top