قەتەر هاوكارییەكەی میسر رادەگرێت و وەڵامیشیان ناداتەوە
هاوكارییە مادییەكانی قەتەر بۆ میسر، كە بڕی دوو ملیار دۆلارە، لە بانكی ناوەندی قەتەری وەستێنراون.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی توركی، سەرچاوەیەكی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی میسر رایگەیاندووە \"هەوڵەكانیان بۆ وەرگرتنی ئەو هاوكارییە مادییانەی، كە وڵاتی قەتەر بۆ میسری تەرخانكردبوو و بڕی دوو ملیار دۆلارە، لە بانكی ناوەندی وەستێنراون، بەبێ روونكردنەوەی هۆكارەكانی وەستاندنی\"".
قەتەر بە گەورەترین هاریكاری دەرەكی میسر هەژماردەكرێت لەوەتەی سەرۆكی لەكارلادراوی میسر دەسەڵاتی گرتۆتە دەست و بڕیاری هاوكارییەكی 8 ملیار دۆلاری داوەتە میسر، كە 5.5 ملیار لە شێوەی قەرزی قەواڵەیە.
حكومەتی میسری ئاشكرای كرد، تاوەكو ئێستا 3.5 ملیار دۆلاری لە كۆی هاریكاریە داراییەكانی قەتەر وەرگرتووە. كە بەپێی گوتەی وەزارەتی دارایی میسر،2.5 ملیار دۆلار لە مانگی ئایاری رابردوو بووە و ملیارێك دۆلاریش لە سەرەتای مانگی تەمموز بووە.
بەرپرسێكی باڵای شاندی میسری، لە لیژنەی دانووستانەكانی بابەتی هاریكاریە داراییەكانی قەتەر بۆ میسر، كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، بە ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی توركی راگەیاندووە \""لایەنی قەتەری وەڵامی پەیوەندییە تەلەفۆنی و نامەكانی شاندە میسرییەكە نادەنەوە\"".
ئەو بەرپرسە باڵایەی شاندی میسری، گووتوویەتی \""لەدوای لەكارلادانی محەممەد مورسی لە 3ی مانگی تەممووز، وەڵامیان نادرێتەوە\"".
سەرچاوەیەكی دیكەش لە وەزارەتی دارایی میسر، رایگەیاندووە \""دواكەوتنی پێدانی هاریكارییەكە ئاساییە، تاوەكو بارودۆخی میسر ئاسایی دەبێتەوە، چونكە هەر وڵاتێك مافی خۆیەتی خەمی ئەو قەرزانەی بێت، كە دەیداتە وڵاتیكی دیكە\"".
رووداو"
