ئەمریكا بە مەرج هاوكاریی میسر دەكات

 ئەمریكا بە مەرج هاوكاریی میسر دەكات
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا جەخت دەكاتەوە، كە هاریكاری ‌و یارمەتییە سوپایی و ئابوورییەكانی ئەمریكا، كە ئۆباما بۆ میسر داوای كردبوون، بەردەوامییان دەبێت، بەڵام بە مەرجی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی دیموكراتی.

لیژنەی لاوەكی وەزارەتی دەرەوە و لیژنەی كاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران رەزامەندییان نیشانداوە لەسەر بڕی ئەو پارەیەی باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی بۆ كۆمەكی میسر لە ساڵی 2014 داوایكردووە، كە لە مانگی تشرینی یەكەم دەستپێدەكات و دەگاتە بڕی 1.3 ملیار دۆلار بۆ هاوكاری سەربازی و بڕی 250 ملیۆن دۆلار هاریكاری ئابووری بۆ ئەمساڵ.

ئەو كۆمەكانەی ئەمریكا بۆ ساڵی 2014 بە چوار جار و بە مەرج دەبن، بەشی یەكەمی كۆمەكەكان دەستبەجێ دەبن، بەڵام بەشەكەی دیكەی بە مەرجی ئەوە دەبێت، تاچەند قاهیرە لە هەوڵی گەشەپێدانی سیستمی سیاسی دەبێت، نەك وەلانانی لایەنە سیاسییەكان، هەروەها ئازادكردنی زیندانییانی سیاسی.

پێدانی بەشەكانی دیكەی كۆمەكەكەش دەوەستێتە سەر هەڵبژاردنێكی دیموراتی و پێكهێنانی حكومەتێكی دیموكراتی، كە هەنگاو هەڵبێنێت بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و مافەكانی ژن و كەمینە ئایینیەكان.

هەر لە سەرەتای ئەم مانگە و دوای لادانی مورسی، واشنتن بابەتی هاریكارییەكانی بۆ میسر تاو‌وتوێ دەكات، چونكە بەپێ یاسای ئەمریكا نابێت هاریكاری بدرێتە ئەو وڵاتانەی تیایاندا سوپا كودەتای بەرپا كردووە، بەڵام زۆربەی بەرپرسانی ئەمریكا دەیانەوێت دەست بە دۆستایەتی سوپای میسرەوە بگرن و چیدیكە ناوچەكە ئاڵۆزی زیاتر بەخۆیەوە نەبینێت.

لینزی گراهام، سیناتۆری كۆماری لەوبارەیەوە گووتی \"وڵاتێكی لەرزۆكمان ناوێت لەمیسر، هەروەك وڵاتێكی تووندڕەویشمان ناوێت، دەتوانین لە هەردووكی بیپارێزین بە بەردەوامی هاوكاریكردنی گەلی میسر و سوپاكەی، بەڵام بە مەرجەكانی خۆمان\"".











رووداو- ئەلعەرەبیە "
Top