1ی تهمموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- رۆژنامەی دەستوری میسری ئاشكرایكرد: دامەزراوەی سەرۆكایەتی و سەركردە ئەمنییەكانی ئەو وڵاتە بەنیازن محەمەد مورسی سەرۆك كۆمار لەترسی خۆپیشاندەران بەرەو كۆشكی رەئسل حیكمە بگوێزنەوە و لایەنگرانی ئیخوانیش تۆمەتی بەدڕەوشتی دەخەنە پاڵ خۆپیشاندەران. رۆژنامەی دەستور لەهەواڵەكەیدا پشتی بەچەند سەرچاوەیەكی ئەمنی ناو كۆشكی رەئسل حیكمە بەستووە و تێیدا هاتووە: سەركردە ئەمنییەكانی ترسیان لەوە هەیە خۆپیشاندەران كۆنتڕۆڵی كۆشكی ئیتیحادی بكەن، ئەو سەرچاوە ئەمنیانە بەڕۆژنامەكەشیان راگەیاندووە: لەئێستادا هەوڵی نۆژەنكردنەوەی كۆشكی رەئس لحكمە دەدرێت تاكو بۆ نیشتەجێبوونی سەرۆك كۆماری ئامادە بكەن، لەلایەكی دیكەوەو بەمەبەستی شێواندنی خۆپیشاندەران لەبەردەم رای گشتیدا، لایەنگرانی محەمەد مورسی و ئیخوان موسلمین تۆمەتی بەدڕەوشتی دەخەنە پاڵیان و لەو چێوەیەشدا شێخ سەفوەت حجازی ئەمینداری گشتی پارێزەرانی شۆڕش كە یەكێكە لەلایەنگرە سەرسەختەكانی مورسی لەبەردەم لایەنگرانی ئیخواندا هەڕەشەی لەخۆپیشاندەران كرد و ووتی: رووبەرووی هەر هەوڵێك دەبنەوە كە بۆ لەسەركارلابردنی مورسی دەدرێت و خۆپیشاندەرانی بەبەدڕەوشت وەسفكرد و بە ووتەی ناوبراو لە مەیدانی تەحریر لەلایەنی ئەو كەسانەوە 18 ئافرەت دەستدرێژی سێكسیان كراوەتە سەر.