تۆسیاد و تۆرككونفەد پشتگیری لە چارەسەری پرسی كورد دەكەن

 تۆسیاد و تۆرككونفەد پشتگیری لە چارەسەری پرسی كورد دەكەن
رۆژی چوارشەممە هەر دوو رێكخراوی ناوداری توركیا تۆسیاد و تورككونفەد لە شاری جزیرەی پارێزگای شرناخ بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئابووری باشوور و باشووری خۆرهەڵاتی ئانادۆڵ كۆبوونەوەیەكی هاوبەشیان ساز كرد.

لەمبارەیەوە ماڵپەری تی ئار تی خەبەر بڵاویكردەوە كە رۆژی چوارشەممە لە شاری جزیرە لە پارێزگای شرناخ هەر دوو رێكخراوی ناوداری توركیا تۆسیاد و تورككونفەد بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئابووری باشوور و باشووری خۆرهەڵاتی ئانادۆڵ و چۆنیەتی بۆژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری ئەو ناوچانە كۆبوونەوەیەكی هاوبەشیان لەگەڵ خەڵك و رێكخراوەكانی ناوچەكەدا ساز كردووە.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرەڕای گفتوگۆ لە سەر جموجۆڵی ئابووری و بارزگانی و باری گوزەرانی دانیشتوانی ناوچەكە هاوكات باسی چۆنیەتی بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری ناوچەكە و كاریگەرییەكانی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد لە سەر بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری ئەو ناوچانە كراوە.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بەشداربووان ئاماژەیان بەوە كردووە كە بۆ ئەوەی بتوانرێت ژێرخانی ئابووری ئەو ناوچانە بەهێزتر بكرێت و گەشاوەتر ببێت، پێویستە پشتگیرییەكی هەمەلایەنە لە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی ئاشتەوایی توركیا بكرێت، چونكە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد كاریگەرییەكی یەكجار گرنگی لە سەر ئەم مەسەلەیە دەبێت.
Top